TR KU SO
FB X
Cîhan

ژمارەی دانیشتوانی عێراق بۆ ٤٢ ملیۆن کەس بەرزدەبێتەوە

Rozan Ateş
Yazar
📅 12 Aralık 2022 22:18

پەیامی کورد... ژمارەی دانیشتوانی عێراق بۆ ٤٢ ملیۆن کەس بەرزدەبێتەوە

وەزارەتی پلاندانانی عێراق راگەیەندراوێکی سەبارەت بە ژمارەی دانیشتوان و رێژەی فەرمانبەرانی کەرتی حکومی و تایبەت و رێژەی بێکاریشی بڵاوکردەوە و دەڵێت "لەکۆتایی ئەمساڵدا ژمارەی دانیشتوانی عێراق دەگاتە ٤٢ ملیۆن کەس."

ئەمڕۆ دووشەممە، عەبدول زەهرە هینداوی، وەتەبێژی وەزارەتی پلاندانان رایگەیاند، ژمارەی دانیشتوانی عێراق بەگوێرەی راپۆرتەکان زیاتر لە ٤١ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و چاوەڕوان دەکرێت لەکۆتایی ئەمساڵدا ژمارەی دانیشتوان بگاتە ٤٢ ملیۆن کەس.

هینداوی جەختی لەوەشکردەوە، یەکەم پارێزگا لەرووی زۆری ژمارەی بێ کارییەوە پارێزگای نەینەوایە بەرێژەی ٣٣٪ و موسەنا بەرێژەی ٢٧٪ و دواتریش زیقار بەرێژەی ٢٦٪ و پارێزگای بەسرەش بەرێژەی ٢٢٪.

ئەوەشی خستەڕوو، هەتا ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی دانیشتوان بەگوێرەی پێشبینییەکانمان دەگاتە ٥٠ ملیۆن کەس ئەمەش لەکاتێکدایە هیچ سەرژمێرییەکی گشتی ئەنجام نەدراوە.

هینداوی باسی لەوەشکردووە، دانیشتوانی چالاکی ئابوری تەمەن ١٥ ساڵ بۆ سەرەوە ٦٤% پێکدەهێنن و ئەمەش بەو واتایە دێت کە کۆمەڵگە خاوەن گەنجێکی زۆرە و لەم رێژەیە ٥٠.٣% لە رەگەزی نێر و ٤٩.٧% لە رەگەزی مێن، بەگوێرەی هینداوی گەنجانی تەمەن ١٥ هەتا ٢٤ ساڵ رێژەی ٢١٪ی دانیشتوان و ٢٥ ساڵ بۆ سەرەوە رێژەی ٤٣٪ی کۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنن.

وتیشی، "مەزەندەکردنی دەستیکاری چالاک لەرووی ئابورییەوە نزیکەی ٤٣.٥٪ە و زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەسن."

ئەوەشی ئاشکراکردووە، بەشداری ژنان لە دەستیکاردا لە ١١٪ تێپەڕناکات ئەمەش لەکاتێکدایە پیاوان رێژەی ٦٨٪ پێکدەهێنن و ژمارەی کرێکاران نۆ ملیۆن کەسە کە ٨٤٪ی کۆی گشتی هێزی کار پێکدەهێنن، رێژەی تەمەنی کاری دانیشتووان دەگاتە ٣٣%، واتە سێیەکی دانیشتووان لە تەمەنی کارکردندان.

Paylas: