ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ١٥ هەزار کەس نزیك دەبێتەوە
پەیامی کورد... ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ١٥ هەزار کەس نزیك دەبێتەوە
ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ٤٨ ڕۆژی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە گەیشتە ١٤ هەزار و ٨٥٤ کەس.
ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی هێرشەکانی ٤٨ ڕۆژی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززەی گەمارۆدراو کوژراون، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٣٢٢ کەس زیادی کردووە و بەرزبووەتەوە بۆ ١٤ هەزار و ٨٥٤ کەس.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەت لە غەززە، ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە دوایین دۆخی ناوچەکە بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا، ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون گەیشتووەتە ١٤ هەزار و ٨٥٤ کەس، لەوانەیش زیاتر لە شەش هەزار و ١٥٠یان منداڵ و زیاتر لە چوار هەزاریان ژنن.
هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی لەو هێرشانەدا برینداربوون ٣٦ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، کە سەدا ٧٥یان ژن و منداڵن.
ئیسرائیل زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ کۆمەڵکوژی دەرهەق بە خێزانە فەڵەستینییەکان لە غەززە ئەنجام داوە.
هاوکات باس لەوە کراوە کە ژمارەی بێسەروشوێنان بە تەرمەکانی سەرشەقام و ژێر داروپەردووە ڕووخاوەکانیشەوە گەیشتووەتە حەوت هەزار کەس، لەوانەیش زیاتر لە چوار هەزار و ٧٠٠یان ژن و منداڵن.