کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی دیاری کرد
پەیامی کورد... کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی دیاری کرد
کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق: "دوای 24 کاتژمێر لە کۆتایی ھاتنی پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکەی ڕادەگەیەنین".
جومانە غەللای وتەبێژی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاگەیاند کە بەپێی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەموارکراو بۆ ساڵی 2023، دوای 24 کاتژمێر لە کۆتایی ھاتنی پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکەی ڕادەگەیەنین".
ئاماژەی بەوەیشداوە کە لیژنەی باڵای ئەمنی، پلانی تۆکمە و باشی بۆ پاراستنی وێستگە و بنکەکانی دەنگدان داناوە.
وتیشی: دوای کۆتایی ھاتنی پڕۆسەی دەنگدان، ئەنجامەکان لە بنکەکانی دەنگدانەوە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی، دەگوازرێنەوە بۆ بنکەی سەرەکی کۆمیسیۆن، دواتر پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەستی، دەست پێ دەکات.
باسی لەوەیش کرد کە دوای کۆتایی ھاتنی پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەستی، ئەنجامی بەرایی ھەلبژاردنەکە، ڕادەگەیەندرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کاتژمێر 7:00ی بەیانییەوە دەست پێ کرد و پڕۆسەکەیش لە کاتژمێر 18:00 کۆتایی دێت.