ئەمریکا ١٣٠ ملیۆن دۆلاری لە یارمەتییەکانی بۆ میسر بلۆک دەکات
پەیامی کورد... ئەمریکا ١٣٠ ملیۆن دۆلاری لە یارمەتییەکانی بۆ میسر بلۆک دەکات
بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە ئیدارەی سەرۆکی ئەو وڵاتە، جۆ بایدن بەهۆی دۆسیەی مافی مرۆڤەوە، بڕیاری داوە ١٣٠ ملیۆن دۆلار لە یارمەتییەکانی واشنتن بۆ قاهیرە کە دەگاتە ١، ٣ ملیار دۆلار بلۆک بکرێت.
ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکا کە ناوی خۆیان ئاشکرا کردووە بە ڕۆژنامەی "The New York Times"یان ڕاگەیاندووە کە دوێنێ سێشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن بڕیاری داوە بە ڕێژەی سەددا ١٠ی لەو یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلارەی کە ساڵانە بۆ میسر تەرخان بکرێت، بلۆک بکرێت.
هاوکات ڕۆژنامەکە لە ئەنتۆنی بلینکن-ی گواستووەتەوە کە قاهیرە هەندێک پێشڤەچوونی بەخۆوە بینیوە لەبارەی دەستگیرکردنە سیاسییەکان و ئازادکردنی سەدان زیندانیکراو.
باسی لەوەش کردووە، ئەو هەنگاوە بەهۆی فشاری ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەربە پارتی دیموکرات نراوە کە داوا دەکەن ٣٠٠ ملیۆن دۆلار لە یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ میسر بلۆک بکرێت، تا ئەو کاتەی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە میسر باش دەبێت.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت دوێنێ سێشەممە، حەوت ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی گریگۆری دبلیو میکس، نامەیەکی ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان کردبوو کە تیایدا نیگەرانی خۆیان نیشانداوە لەبارەی بەردەوامبوونی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە میسر.
لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا، کارەکانی لیژنەی لێبوردنی سەرۆکایەتی میسر دوای دووبارە پێکهێنانەوەی کارا کرایەوە کە ئەوەیش هاوکات بوو لەگەڵ بانگەوازەکەی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، عەبدولفەتاح سیسی بۆ دەستپێکردنی یەکەم گفتوگۆی نیشتمانیی دوای وەرگرتنی دەسەڵات لە هاوینی ٢٠١٤دا کە ژمارەیەک بڕیاری لێبوردنی سەرۆکایەتیی بۆ ئازادکردنی زیندانیان دەرکرد.