ئەمریکا پێنج کەسی دیکەی نزیک لە ئێرانی خستە لیستی گەمارۆکانەوە
پەیامی کورد: ئەمریکا پێنج کەسی دیکەی نزیک لە ئێرانی خستە لیستی گەمارۆکانەوە
ئەمریکا، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا و دوو سەرکردەی حزبوڵڵا و دوو سەرکردەی سوپای پاسدارانی خستە لیستی گەمارۆکانەوە.
ستیفین منوچین وەزیری خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاند، لەنێو لیستی سزادراواندا سوپای پاسدارانی ئێرانیشی تێدایە، بەهۆی ئەوەی هەوڵیداوە ناکۆکی لە نێوان پاڵێوراوەکاندا بڵاوبکاتەوە، لە رێگای زانیاری ناڕاستەوە لە ئینتەرنێتدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "نەبیل قاووق و حەسەن ئال بەغدادی سەرکردەکانی حزبوڵا بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی ئەجێندای تیرۆرستی کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە و بەئامانجکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی."
لەلایەکەی ترەوە، واشنتۆن سزای بەسەر ئیرەج مەسجیدی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا سەپاند، کە بەپێی وتەی وەزارەتی خەزێنەی ئەو وڵاتە، "مەسجیدی کەسێکی دەسەڵاتدارە لە سوپای پاسدارانی ئێران و رۆڵی سەرەکی لە مەشقپێکردن و چەکدارکردنی گروپە میلیشییاکاندا هەیە."
لەو بارەیەشەوە، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، ''ئەمڕۆ ئەمریکا یەکێک لە جەنەراڵە پلەدارەکانی هێزی قودس لە عێراق کە لە هەمان کاتدا وەک باڵیۆزی ئێران لە بەغدا خزمەت دەکات، خستە لیستی سزاکانەوە، بەوەش هەنگاوێکی دیکەی هەڵنا بۆ رزگارکردنی گەلی عێراق لە ژێر کاریگەری ئێراندا."
لەبارەی ئەو دوو سەرکردەیەی حزبوڵاشەوە باسی لەوەکردووە، "ئەو دوو کەسە لە بەرزترین ئۆرگانی بڕیاردانی حزبوڵادان و ئەندامی ئیدارەی باڵای ئەنجومەنی شورای گروپەکەن و قاووق لە ئەنجومەنی بەڕێوەبردندا چاودێری چالاکيیە ئابوریی و کۆمەڵایەتیيەکانی حزبوڵا دەکات."
ئەوەش دوای ئەوەدێت، ئەمریکا ئێران بە هەوڵدان بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و بەدەستهێنانى چەکى ئەتۆمى و هاوکاریکردنى تیرۆر و تێکدانى سەقامیگرى ناوچەکە تۆمەتباردەکات.