ئەمریکا و کۆریای باشوور گەورەترین مانۆڕی سەربازییان دەستپێکرد
پەیامی کورد... ئەمریکا و کۆریای باشوور گەورەترین مانۆڕی سەربازییان دەستپێکرد
کۆریای باشوور ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا مانۆڕێکی سەربازییان دەستپێکردووە کە گەورەترین مانۆڕە لەدوای ساڵی ٢٠١٨وە ئەنجام درابێت، ئەوەش ئەگەری زۆرە کۆریای باکوور تووڕە بکات کە لەم ماوەیەی کۆتاییدا چەند جارێک هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی کردووە.
واشنتن بە گەورەترین هاوپەیمانی ئەمنیی کۆریای باشوور دادەنرێت، کە زیاتر لە ٢٨ هەزار و ٥٠٠ سەربازی ئەمریکی لەناو خاکی کۆریای باشووردان بەمەبەستی پاراستنی ئەو وڵاتە لە دراوسێ ئەتۆمییەکەی.
ئەمریکا و کۆریای باشوور ماوەیەکی زۆرە مانۆڕی سەربازیی هاوبەش ئەنجام دەدەن، بەڵام جەخت دەکەنەوە مانۆڕەکان بە مەبەستی بەرگریکردنە لە کاتێکدا کۆریای باکوور وەک ئامادەکاری بۆ هێرش ناوی دەبات.
لەوبارەیەوە وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، «گرنگیی ئەم مانۆڕە هاوبەشانە بۆ بنیاتنانەوەی دووبارەی هاوپەیمانیی نێوان کۆریای باشوور و ئەمریکایە بەمەبەستی بەرگریی هاوبەش».
مانۆڕە سەربازییەکەی ئەو دوو وڵاتە ناوی «ئۆچلی فریدەم شێڵد» ە، لە ئەمڕۆ ٢٢ی ئابەوە دەستپێدەکات و تا سەرەتای مانگی ئەیلوول بەردەوام دەبێت، ڕاهێنانەکان وشکانی و ئاوی دەبن، بەڵام هیچ زانیارییەکای دیکەی لەبارەوە ئاشکرانەکراوە.