نەیجریا/ لە ئەنجامی هێرشێکی داعشدا ١٩ کەس کوژران
پەیامی کورد … نەیجریا/ لە ئەنجامی هێرشێکی داعشدا ١٩ کەس کوژران
ڕۆژی شەممە ١٣ی ئازار، مۆنتی كارلۆی فەڕەنسی بڵاویكردووەتەوە، “چەكدارانی داعش” لە بۆسەیەكدا كە بۆ كاروانێكی سەربازیی نەیجیرییان دانابوو ١٥ سەرباز و چوار كەسی دیكەیان كوشتووە.
چەند سەرچاوەیەك بەو میدیا فەڕەنسییەیان ڕاگەیاندووە، داعش هێرشێكی سەختی كردووەتە سەر ئەو كاروانە سەربازییە لە ڕۆژئاوای ئەفریقا لە نزیك ناوچەی دەریاچەی تشاد.
سەربازێكی سوپای نەیجیریا ئاشكرایكردووە، “١٥ سەربازمان لەو هێرشە كوژران لەگەڵ چوار كەسی دیكە كە هاوڵاتی سڤیل بوون، لەگەڵ برینداربوونی ١٣ سەربازی دیكە”.
ئەو هێرشەی داعش ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕویداوە، لە ئێستادا هێزێكی زۆری نەیجیری لەوێ كۆكراونەتەوە بۆ ئەوەی ناوچەكە لەو چەكدارانە پاك بكەنەوە.
ڕۆژی شەممە، ڕێكخراوی داعش لە ڕۆژئاوای ئەفریقا لە ڕاگەیەندراوێكدا بەرپرسیاریەتیی خۆی لەو هێرشە گرتووەتە ئەستۆ، وەك مۆنتی كارلۆ ڕایگەیاندووە.