ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی کازمی و بایدن ئاشکرا کرا
پەیامی کورد... ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی کازمی و بایدن ئاشکرا کرا
بەگوێرەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لووتکەی جەددە لە سعوودیە کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بایدن و کازمی جەختیان لەو پەیوەندییە نزیکانە کردووەتەوە کە لەنێوان عێراق و ئەمریکادا هەیە و بەڵێنیان داوە بەردەوام بن لە هەماهەنگی هەوڵە ئەمنییەکان بۆ ڕاگرتنی سەرهەڵدانی داعش.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، "کازمی و بایدن کۆمەڵێک پرسی ناوچەیی تاوتوێ کردووە و ڕێککەوتوون لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەکان و پشتیوانیکردن لە سەروەری عێراق و پاراستنی خاک و سەقامگیرییەکەی. بەڵام پێویستە داوا لە هەر دوو وڵات بکرێت پەیوەندییە هاوبەشەکان بەهێزتر بکەن".
شایەنی باسە سەرۆک کۆماری ئەمریکا جەختی کردەوە کە واشنتن لەگەڵ عێراقێکە کە سەقامگیر و یەکگرتوو و سەرکەوتوو بێت و دەبێت حکومەتێکی نوێی عێراق پێک بهێنرێت بۆ ئەوەی ئیرادەی گەلی عێراق بەدی بهێنێت. هەروەها دەبێت ڕێز لە دیموکراسی عێراق و سەربەخۆیی بگیرێت کە هەرێمی کوردستانیش تێیدا جێگیرە.