ناتۆ گەورەترین مانۆڕی سەربازی لە نەرویج ئەنجام دەدات
پەیامی کورد... ناتۆ گەورەترین مانۆڕی سەربازی لە نەرویج ئەنجام دەدات
بەرپرسانی نەرویج بڵاویان کردەوە، بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی "ناتۆ" و بە بەشداری ٢٧ وڵات مانۆڕێکی سەربازی گەورە لە وڵاتەکەیان بەڕێوە دەچێت.
بەپێی تۆڕی هەواڵی بی بی سی بەرپرسانی نەرویج ڕایانگەیاندوە: لەو ساتەی ئۆکراینا پێدەنێتە ١٧مین ڕۆژی هێرشەکانی ڕووسیا بۆسەر خاکەکەی بەرپرسانی ناتۆ و ئەمریکا مانۆڕێکی سەربازی هاوبەش لە نەرویج ڕێک دەخەن.
مانۆڕەکە لە ١٤ی ئەم مانگە بە بەشداری ٣٠ هەزار سەرباز، ٢٠٠ فڕۆکەی جەنگی و ٥٠ کەشتی سەربازی لە ٢٧ وڵاتی جیاوازی سەر بە ناتۆوە بەڕێوە دەچێت و دوو هەفتە دەخایەنێت.
بەرپرسانی نەرویج ئەوەشیان ڕونکردەوە: لە ١٤ی ئەم مانگەوە وڵاتانی ڕۆژئاوا هێز و توانا سەربازییەکانی خۆیان لە نەرویج تاقی دەکەنەوە لە ڕووی ئاسمانی، دەریایی و پەرە بە توانا سەربازییەکانیان دەدەن.
لای خۆیەوە ئۆد ڕۆجێر ئینۆکسن، وەزیری بەرگری نەرویج ڕایگەیاندووە: "ئەم مانۆڕە سەربازییە گەورەترین مانۆڕی سەربازییە کە بە سەرپەرشتی ناتۆ ئەنجامدەدرێت و ئەزموونێکی باشە بۆ پەرەپێدان بە ئاسایشی وڵاتەکەی و توانا سەربازییەکانی هاوپەیمانانی ناتۆ، بۆیە هێزەکانی وڵاتەکەی بەشداری لەم مانۆڕە سەربازییەی هێزەکانی ناتۆدا دەکەن"