ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی زیرەکی دەستکردەوە بڕیاریدا
پەیامی کورد... ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی زیرەکی دەستکردەوە بڕیاریدا
ئەنتۆنی گۆتێرێز، ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەکۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی ئاسایشدا ڕایگەیاند، زیرەکی دەستکرد مەترسییکی گەورەیە لەبەردەم ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیدا و داوایکرد وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنەکە زیرەکی دەستکرد لەژێر کۆنترۆڵدا بەکار بهێنن.
لەدرێژەی قسەکانیدا، گۆتێرێز باسی لەوەکرد، زیرەکی دەستکرد کاریگەری لەسەر سەرجەم لایەنەکانی ژیانی مرۆڤی سەردەم دەبێت و بەڕادەیەک دەتوانێت مرۆڤەکان بەرەو خراپە یان چاکە بەرێت. وتیشی، پێویستە ئەو پارەیەی لەوبوارەدا خەرج دەکرێت لەبواری چارەسەرکردنی هەژاری و نەخۆشی شێرپەنجە خەرج بکرێت.
گۆتێرێز ئەوەی خستەڕوو، پێویستە زیرەکی دەستکرد لەبواری باشدا بەکار بهێنرێت و نابێت بۆ ئەنجامدانی تاوان و کاری تیرۆریستی یاخود لەبەرژەوەندی دەوڵەتێک بەکار بهێنرێت چونکە دەبێتەهۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە مرۆڤەکان و کاریگەری گوەرەی دەرونی بەجێ دەهێڵیت، چونکە دەتوانێت بە ئاسانی لەگەڵ تەکنەلۆجیای نوێ و چەکی ئەتۆمدا بەئاسانی کاربکات.