ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕاگەێندراوێکی بڵاو کردەوە
پەیامی کورد ... ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەوڵی ئەوە دەدات لە رێگەی حکوومەتی لوبنان-ەوە چەک لە سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی ئەو ووڵاتە وەربگیرێتەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەێندراوێکدا داوای لە حکوومەتی لوبنان کرد سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی لەو ووڵاتە لە بێ چەک بکات و ڕاشیگەیاند کە جگە لە ھێزە فەرمییەکانی دەوڵەت، نابێت چەک لە دەستی ھیچ گرووپێک دابێت لە لوبنان.
ھەروەھا ئەنجوومەن جەختیکردووەتەوە کە لە چوارچێوەی دەستووردا، ھێزە ئەمنییەکانی لوبنان تاکە ھێزی یاسایی و فەرمی وڵاتن.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ڕاگەێندراوێکدا بەپێی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش ژمارە "١٥٥٩ " بۆ ساڵی ٢٠٠٤ و "١٧٠١ – ١٦٨٠" بۆ ساڵی ٢٠٠٦ "٢٤٣٣" بۆ ساڵی ٢٠١٨ پشتیوانی خۆی بۆ سەقامگیری، ئاسایش، سەروەریی و سەربەخۆیی لوبنان دووپاتکردووەتەوە و داوای لەسەرجەم لایەنەکانی لوبنانیش کردووە کە وەک کاری لەپێشینە، پابەندبن بە سیاسیەتی خۆدوورخستنەوە لە کێشە و ناکۆکییە دەرەکییەکان.
لە بەشێکی دیکەی راگەێندراوەکەدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەداوە، خۆشحاڵە بە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی لوبنان و بەبۆنەشەوە پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆکوەزیران، سەعد حەریری کرد.
هەروەها لە کۆتایی ڕاگەێندراوەکەدا، ئەنجوومەنی ئاسایش داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئەمنی، ئابووری و مرۆیی، پشتیوانی لوبنان بکات.