چوارچێوەی هەماهەنگی دژی سەدر داوای خۆپیشاندان دەکات
پەیامی کورد... چوارچێوەی هەماهەنگی دژی سەدر داوای خۆپیشاندان دەکات
چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لە لایەنگرانی و گەلی عێراق دەکات لەدژی ئاڵۆزییەکانی بەغدا خۆپیشاندانی ئاشتیانە ئەنجام بدەن.
لە ڕاگەیەنراوێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاوی کردووەتەوە، بە نیگەرانیەوە لە لەو ڕووداوانە دەڕوانین کە لەم چەند ڕۆژەی دواییدا لە پایتەختی عێراق ڕوو دەدەن بەتایبەت دەستدرێژی و زیادەڕۆییکردن بۆ سەر دامەزراوە دەستوورییەکان و هەڵکوتانە سەر ئەنجوومەنی نوێنەران و هەڕەشەکردن بۆ هەڵکوتانە سەر دامەزراوە دادوەریی و فەرمی و دەزگا ئەمنییەکان.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا چوارچێوەی هەماهەنگی ڕاشیگەیاندوە، ڕاسپاردەمان تا دوا پلە دان بە خۆ داگرتنە و لە ئامادەباشیدا دەبین، بۆیە داوا لە گەلی عێراق دەکەین ئەوانەی بڕوایان بە یاسا و دەستورو شەرعیەتی دەستووری هەیە خۆپیشاندانی ئاشتیانە بکەن بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەت و شەرعیەت و لەپێشیانەوە دەسەڵاتی دادوەریی و وەستانەوە بەڕووی ئەو سنوور بەزاندنە مەترسیدارەی کە لە یاسا و نەریت و شەرع لایانداوە.
چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو لایەنە سیاسییانەش بە بەرپرسیار دەزانێت کە لەپشت دروستکردنی گرژی و هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانن.