وەزیری بەرگریی یۆنان هۆشداری دەداتە تورکیا
وەزیری بەرگریی یۆنان هۆشداری دایە تورکیا، کە وریای هەڵسوکەوتی بێت، چونکە ئەوە “شۆڕشی خەڵکی یۆنان بوو، بووە هۆی کۆتاییهێنان بە حکومەتی ٤٠٠ ساڵەی عوسمانییەکان”.
پانۆس کامێنۆس وەزیری بەرگریی یۆنان لە مەراسیمی سەربەخۆبوونی ئەو وڵاتەدا قسەیکرد و وەڵامی هەڕەشەکانی ئەردۆگانی دایەوە.
پانۆس کامێنۆس وتی: پێویستە حکومەتی تورک کۆتایی بەو ڕەفتارە هەڕەشەئامیزەی بێنێت، بیریان ناچێت کە یۆنانییەکان کۆتاییان بە حکومەتی ٤٠٠ ساڵەی عوسمانییەکان لەو ناوچانەدا هێنا.
هەر لەو مەراسیمەدا پرۆکپیس پۆلۆپلس، سەرۆک کۆماری یۆنانیش قسەیکرد و وتی: بە هەموو هێزمانەوە بەرگریی لە سەروەریمان بە سەر خاکەکەماندا دەکەی، خەڵکی یۆنان خەڵکێکی ئاشتی خوازن، بەڵام ئەوە بەو واتایە نایەت، کە لە دژی فراوانخوازیی وڵاتانی دیکەدا هەڵوێستیان نەبێت.
جێگای ئاماژەیە، کە یۆنانییەکان لە ساڵی ١٨٢١دا شۆڕشێکیان لە دژی دەسەڵاتداریی حکومەتی عوسمانی لەو وڵاتەدا دەستپێکرد و لە ئەنجامدا هێزەکانی عوسمانیان لە یۆنان کردە دەرەوە.
حکومەتی تورکیا لە چەند مانگی ڕابردوودا جمووجووڵی هێزە سەربازییە دەریاییەکانی لە دەریای سپی و دەریای ئیجە بەرفراوان کردووەتەوە و هەڕەشەی داگیرکردنی ناوچەکانی ژێڕ کۆنتڕۆڵی یۆنان لەو دەریایانەدا دەکات.