TR KU SO
FB X
Cîhan

وەزیری دادی تورکیا: لە بوومەلەرزەکەی شوباتەوە 351 بەڵێندەر خراونەتە زیندانەوە

Rozan Ateş
Yazar
📅 09 Temmuz 2023 16:25

پەیامی کورد... وەزیری دادی تورکیا: لە بوومەلەرزەکەی شوباتەوە 351 بەڵێندەر خراونەتە زیندانەوە


وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆکاری کەمتەرخەمی لە دروستکردنی باڵەخانە و پابەندنەبوون بە رێنماییەکانەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا زیندانیکراون، گەیشتووەتە 351 کەس.

لەمبارەیەوە یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان رایگەیاند: لە بوومەلەرزەکەی مەڕەشەوە 1757 هاووڵاتی دەستبەسەرکراون کە بەڵێندەر بوون و لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا باڵەخانە دروستکراوەکانیان رووخاون.

یڵماز تونچ گوتی، لەو ژمارەیە 351 گومانلێکراو بە بڕیاری دادگە خراونەتە زیندانەوە.

سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی یەکی ئاداری 2023 رایگەیاند: بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەشەوە لە 11 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا 203 هەزار و 958 باڵەخانە کە لە 583 هەزار و 628 شوقە پێکدەهاتن، رووخاون و زیانی زۆریان بەرکەوتووە و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی زیانی زۆریان بەرکەوتووە پێویستە بەپەلە بڕوخێندرێن.

بەپێی داتای فەرمییەکان، بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەشەوە لە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان و سێ پارێزگای تورکیا 50 هەزار و 500 کەس گیانیان لەدەستدا.

بوومەلەرزەکە کاریگەریی گەورەیشی لەسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەبوو و نزیکەی شەش هەزار کەسیش لەوێ گیانیان لەدەستدا.

Paylas: