وەزارەتی دەرەوەی ئێران ووڵامی تورکیا دەداتەوە
پەیامی کورد ... وەزارەتی دەرەوەی ئێران ووڵامی تورکیا دەداتەوە
ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، خوێندنەوەی نادرووست بۆ قسەکانی باڵیۆزی ئێران لەبەغدا کراوە و تاران و ئانکارا لەبارەی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق هاوڕان.
سەعید خەتیب زادە، ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەڵە تێگەیشتن سەبارەت بە لێدوانی ئیرەج مەسجیدی، باڵیۆزی ووڵاتەکەیان لەعێڕاق و بەرپرسانی دیکە تورکیادا درووستبوە و ئانکارا و تاران جەخت لەسەر پاراستنی یەکێتی خاکی هەردوولا ووڵات و خاکی عێراقیش دەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران و تورکیا لەبارەی پەیوەندییەکانیان، دۆخی ناوچەکە و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق بەبەردەوامی گفتوگۆ دەکەن و لەسەر چەندین دۆسیەی هاوبەش هاوڕان.
رۆژی شەممە، باڵیۆزی ئێران لەعێراق لەچاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند،" دەستێوەردانی سەربازی تورکیا لەعێراق رەتدەکەینەوە و بەهیچ جۆرێک رێگەپێدراو نیە، سوپای تورکیا هەڕەشە بۆ خاکی عێراق درووست بکات و داگیری بکات."
لای خۆشییەوە، فاتیح یەڵدز باڵیۆزی تورکیا لەعێراق ووڵامی باڵیۆزی ئێرانی دایەوە ورایگەیاند، باڵیۆزی ئێران کۆتا کەسە کە دەبێت وانە بە تورکیا بدات بۆ رێزگرتن لەسەروەری خاکی عێراق.