ڕۆچوونی زەوی لە هیندستان کوژرانی لانی کەم ٢٠٠ کەسی لێکەوتەوە
پەیامی کورد... ڕۆچوونی زەوی لە هیندستان کوژرانی لانی کەم ٢٠٠ کەسی لێکەوتەوە
بەهۆی زریان و لافاوەوە لە چەند ناوچەیەکی هیندستان، لانی کەم ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە یەک ملیار دۆلاریش زیانی دارایی لێکەوتووەتەوە، هەروەها نزیکەی ٧٠٠ هەزار کەس زیانیان بەرکەوتووە.
میدیاکانی هیندستان بڵاویان کردووەتەوە، بەهۆی ڕۆچوونی زەوییەوە لە ویلایەتی "مانیپور" لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کە بەهۆی بارانی زۆر و دروستبوونی لافاوەوە ڕوویداوە، ٤٢ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٢٧یان سەربازن.
هەر بەپێی زانیارییەکان، زیان بە نزیکەی ٧٠٠ هەزار کەس گەیشتووە لە دانیشتووانی هەزار و ٦١٨ گوند، تەنیا لە ویلایەتی "ئاسام" لانی کەم ١٧٩ کەس گیانیان لەدەستداوە.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، بەشێکی زۆری زەوی ئەو ناوچانە لە ئاودا نقوم بوون، هەروەها ١٦ کەس لە شاری سیلشار گیانیان لەدەستداوە، کۆی گشتی زیانەکانیش بە یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.