ڕووسیا هەڕەشەی هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانیی سێیەم دەکات
پەیامی کورد... ڕووسیا هەڕەشەی هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانیی سێیەم دەکات
ڕووسیا هەڕەشە دەکات ئەگەر هێرش بکرێتە سەر نیمچەدوورگەی کریمیا، ئەوا جەنگی جیهانیی سێیەم هەڵدەگیرسێت.
دیمیتری میدڤێدیڤ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیا ڕایگەیاند، «هەر هەوڵێک بۆ پەلاماردانی نیمچەدوورگەی کریمیای ڕووسی» ڕاگەیاندنی جەنگە دژی ڕووسیا و ئەگەر هەر وڵاتێکی ناتۆ ئەوە بکات، جەنگی جیهانیی سێیەم هەڵدەگیرسێت.
کاربەدەستەکەی ڕووسیا لێدوانی بۆ میدیای وڵاتەکەی داوە و وتوویەتی، «هەنگاوی دژبەرمان دەبێت بەرامبەر بە چوونی سوێد و فینلاند بۆ ناو ناتۆ، چونکە فراوانبوونی ناتۆ سنوورە وشکانییەکانی لەگەڵ ڕووسیادا فراوانتردەکات، بۆیە دەبێت سنوورەکانمان تۆکمە بکەین».
دیمیتری میدڤێدیڤ دووپاتیکردەوە کە کۆکردنەوەی هێزی وشکانی و دەریایی لە نزیک سنوورەکانی ڕووسیا مەترسیدارە و تەنانەت هاووڵاتییانی سوێد و فینلاند ئەو کارە پەسەند ناکەن.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیا، هەڕەشەی هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانیی سێیەمی کرد و وتی، «هەر وڵاتێکی ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ هێرش بکات، ئەوا بەرپەرچی دەدەینەوە و جەنگی جیهانیی سێیەم هەڵدەگیرسێت کە ئەنجامەکانی کارەساتبار دەبن».