ئەردۆغان: "وەک تورکیا چڕترین هەوڵمانداوە بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا"
پەیامی کورد... ئەردۆغان: "وەک تورکیا چڕترین هەوڵمانداوە بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا"
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "بێگومان ئۆکراینا شایەنی ئەوەیە ببێتە ئەندامی ناتۆ".
لە دوای کۆبوونەوەی دووقۆڵی نێوان سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدێمیر زێڵنسکی لە کۆشکی وەحدەددین لە شاری ئیستانبوڵ، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش رێکخرا.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ئەردۆغان خۆشحاڵی خۆی لەمەڕ میوانداریکردنی زێڵنسکی و شاندی یاوەری لە ئیستانبوڵ دەربڕی.
ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە دواجار لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا لە شاری لڤیڤ لەگەڵ زێڵنسکی رووبەڕوو کۆبووەتەوە کە بە دۆستی ئازیز ناوی برد و وتیشی: "بێگومان وەک دەزانن پەیوەندی تەلەفۆنی زۆرمان لەگەڵیدا (زێڵنسکی) ھەبووە و دەشبێت، لە بەرامبەر پێشھاتەکاندا، دۆستایەتی تورکیا و ئۆکراینا لە ھەموو روویەکەوە بەھێزتر بووە. لەو شەڕەدا کە لە رۆژی ٥٠٠ ھەمینی دا رۆژ دەکەینەوە، گەلی ئۆکراینا بەرگری لە یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆیی وڵاتەکەیان دەکەن، ئێمە ھەموو ھەوڵێکمان خستەگەڕ بۆ رێگریکردن لە جەنگەکە لەو ساتەوەختەی کە مەترسی سەرھەڵدانی ململانێکان دەستی پێکردبوو".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوان لەو رۆژەی گرژییەکان گۆڕاون بۆ پێکدادانی گەرم ئەم جەنگەیان رەتکردووەتەوە کە پێچەوانەی ماف و یاسای نێودەوڵەتییە.
ئەردۆغان وتی: "لەوەتەی لکاندنی کریمیا بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، پشتیوانی خۆمان بۆ یەکپارچەیی خاک، سەروەری و سەربەخۆیی ئۆکراینا لەسەر ھەموو سەکۆیەکان دەربڕی. ھەروەھا ھاوسۆزی خۆمان لەگەڵ ئۆکراینا بە کردار نیشان دا بە پێشکەشکردنی ھاوکاری بەرجەستە لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و مرۆیی و تەکنیکی".
سەرکۆماری تورکیا، ئەردۆغان لەبارەی ھەوڵەکانی وڵاتەکەی لەمەڕ کۆتایھێنان بە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا وتی: " بووین بەو وڵاتەی کە چڕترین ھەوڵمانداوە بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگ لە رێگەی دانوستان لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان".
ئەردۆغان باسی لە دووبارە ھەڵساندنەوەی ئۆکراینا کرد و لەمبارەیەوە رایگەیاند "ھەموو جۆرە پاڵپشتییەک پێشکەش دەکەین بۆ دووبارە ھەڵساندنەوەی ئۆکراینا ".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی وتەکانیدا ھەڵسەنگاندنی بۆ پرسە بە ئەندامبوونی ئۆکراینا لە ھاوپەیمانی ناتۆ کرد و لەمبارەیەوە رایگەیاند کە بێگومان ئۆکراینا شایەنی ئەوەیە ببێتە ئەندامی ئەو ھاوپەیمانێتییە.
ئەردۆغان لەبارەی رێکەوتنی رێوڕەوی دانەوێڵەی دەریای رەش ھیوای خواست کە ئەو وادەیەی کە لە ١٧ی تەمموز کۆتایی دێت، دووبارە درێژ بکرێتەوە.
ئەردۆغان ھەر لەبارەی رێککەوتنەکە وتیشی: " چاوەڕوانی ئەوەین لانیکەم ببێتە سێ مانگ جارێک نەک ھەر دوو مانگ جارێک. ھەوڵ دەدەین ئەو ماوەیە بۆ دوو ساڵ درێژ بکەینەوە".
سەرکۆماری تورکیا باسی لە ئاڵوگۆڕی دیلەکان کرد و وتی : "لەبارەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان، لە ئێستادا گوێبیستی سەرۆکی ئۆکراینا بووین، لەگەڵ لایەنی رووسیاش لە گفتوگۆ داین".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاشکراشی کرد کە لە مانگی داھاتوودا پوتین سەردانی تورکیا دەکات و وتی: " دووبارە دەرفەتی ئەوەمان دەبێت رووبەڕوو تاوتوێی ئەمە (ئاڵوگۆڕی دیلەکان) بکەین".