ساڵی رابردوو تەنها لە رێگەی گەیشتنە ئیسپانیا زیاتر لە 4 هەزار كۆچەر گیانیان لەدەستداوە
پەیامی کورد … ساڵی رابردوو تەنها لە رێگەی گەیشتنە ئیسپانیا زیاتر لە 4 هەزار كۆچەر گیانیان لەدەستداوە
رێكخراوێكی ناحكومی ئاشكرای كرد، لە ساڵی رابردودا زیاتر لە 4 هەزار كۆچەر لەكاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بۆ ئیسپانیا گیانیان لەدەستداوە و ئەوەش دوو هێندەی ساڵی 2020ە.
رێكخراوی "كامیناندۆ فرۆنتێراس"ی ناحكومی بڵاویكردووەتەوە، لە ساڵی 2021دا لە رێگەی گەیشتنە ئیسپانیا 4 هەزار و 404 كەس گیانیان لەدەستداوە یاخود بێسەروشوێن بوون، ئەوەش واتا 12 كەس لە رۆژێكدا.
رونیشكراوەتەوە، لەساڵی 2015ەوە ساڵی رابردوو خوێناویترین ساڵ بووە بۆ كۆچەران، هەروەها دوو هێندەی ساڵی 2020 قوربانی هەبووە كە لەو ساڵەدا 2 هەزا ر و 170 كەس گیانیان لەدەستداوە یاخود بێسەروشوێن بوون.
هەر بەپێی داتاكانی ئەو رێكخراوە، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە یاخود بێسەروشوێنن 628یان ژن بوون و 205یان منداڵ بوون و ئەوانی تریان پیاو بوون، هەروەها 37 هەزار و 385 كۆچەر گەیشتونەتە كەنارەكانی ئیسپانیا.
لەلایەكی ترەوە رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی ئاشكرای كردووە، لە ساڵی 1997ەوە ساڵی رابردوو خراپترین ساڵی كۆچەران بووە.