TR KU SO
FB X
Cîhan

شاندێکی تەکنیکی حکومەتی عێراق بۆ بەردانەوەی ئاو دەچێتە تورکیا

Rozan Ateş
Yazar
📅 25 Haziran 2023 19:13

پەیامی کورد... شاندێکی تەکنیکی حکومەتی عێراق بۆ بەردانەوەی ئاو دەچێتە تورکیا


وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، شاندێکی حکومەت لە تورکیایە بۆ بەردانەوەی ئاوی زیاتری رووباری فورات لە لایەن تورکیاوە بۆ عێراق.

خالید شەماڵ، بەڕێوەبەری گشتی ئاودێری و پرۆژەکانی چاککردنەوە و وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی راگەیاند "شاندێکی تەکنیکی عێراقی هەیە کە چەند رۆژێکە لە تورکیایە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەی ئاو".

باسی لەوەشکرد "ئێستا دۆخی رووباری فورات سەخت و ئاڵۆزە، پێویستە ئاوی رووباری فورات لەلایەن تورکیا و سووریاوە بەر بدرێتەوە".

راشی گەیاند "رووباری فورات لە دوو شوێنەوە دێت، یەکەمیان بەنداوی حەدیسەیە کە کۆگا کردنی ئاو لە بەنداوەکە بۆ ماوەیەکی زۆر کەمە و ناتوانرێت بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاربهێنرێت، دووەمیشیان، دەریاچەی "سەرسارە"ەوە دابین دەکرێت.

وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، وتیشی: "ئێستا دەریاچەی سەرسار نزیکەی 70 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بەرەو رووباری فورات دەڕوات".

خالید شەماڵ ئەوەشی ووت، "هەندێک ناوچەی دەریاچەکان لە وەرزی هاویندا 5 هێندە کەمدەبێتەوە، هەر ئەم رووبەرەش لە ماوەی لافاوەکانی بەهاردا 5 هێندە زیاد دەکات.

ئاماژەی بەوەشدا: "وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە ساڵی 2003ەوە سەنتەرێکی بە ناوی سەنتەری بوژاندنەوەی دەریاچەکان دامەزراندووە، کە ئەرکی بەڕێوەبردن و پاراستنی چەندین پڕۆژەی لە ئەستۆدایە".

Paylas: