سوودانی، هێزە ئەمنیەكان بۆ دەستگیركردنی هێرشبەرانی سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا ڕادەسپێرێت
پەیامی کورد... سوودانی، هێزە ئەمنیەكان بۆ دەستگیركردنی هێرشبەرانی سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا ڕادەسپێرێت
وتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق ڕایدەگەیەنێت،"دژی ئەو هێرشانەن دەکرێنە سەر ئەو بنکە عێراقییانەى راوێژکارانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لێیە".
ئەمڕۆ دووشەممە 23-10-2023 لیوا یەحیا رەسووڵ، وتەبێژى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق ڕاگەیەندراوكێی لەبارەى ھێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاى هێزەکانى سەر بە هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش لە عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە،"دژی ئەو هێرشانەن کە دەکرێنە سەر ئەو بنکە عێراقییانەى راوێژکارانى هاوپەیمانیى نێودەڵەتى لێیە، کە لەسەر داواى فەرمى حکومەت لە عێراقن، بۆ پاڵپشتیکردنى هێزە ئەمنییەکان لە بواری مەشقپێکردن، ئامادەکردن و راوێژدانەوە".
ئاماژەی بەوەشداوە،"ئەو ئەرکەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى، بەگوێرەى رێکارێکى نوێیە کە لە رێگەى ناوەندە فەرمى و دیپلۆماسییەکانى عێراقەوە دیاریکراوە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو،"نەرمى نانوێنین لەبارەى ئاسایش و سەلامەتیى ئەو بارەگایانە و فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق فەرمانی کردووە بە سەرجەم هێزە ئەمنییەکان کە ئەرکى خۆیان لە جێبەجێکردنى یاسا و راوەدوونانى ئەوانەى ئەو جۆرە هێرشانە دەکەن، جێبەجێبکەن و نابێت لەهیچ دۆخێکدا رێگە بدرێت زیان بە ئاسایش و سەقامگیرى بگەیەندرێت".
ئەوەش لەكاتێكدایە، لە رۆژی 18ـی مانگەوە چەند جارێک بە مووشەک و فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانى عەین ئەسەد لە ئەنبار، ڤیکتۆرى لە بەغدا، هەروەها جارێکیش هێرشکرایە فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر کە بنکەى هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژ بە داعشە.