تەقینەوەیەکی بەهێز لە کۆگایەکی چەکی حزبوڵا ڕوویدا
پەیامی کورد … تەقینەوەیەکی بەهێز لە کۆگایەکی چەکی حزبوڵا ڕوویدا
تەقینەوەیەک لە کامپی ئاوارەکانی فەلەستین لە باشووری لوبنان ڕوویدا و بەپێی سەرچاوە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، تەقینەوەکە لە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی حزبوڵا بووە.
ئاژانسی میدیای نیشتمانیی لوبنان ڕایگەیاندووە، تەقینەوەکە لەناو کامپی بورج شیمالی لە شاری سوڕ ڕوویداوە و دەنگی تەقینەوەکە لە گوندەکانی دەوروبەری بیستراوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەک لە ناو کامپەکە و سەرچاوەیەکی دیکەی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، تەقینەوەکە زۆر بەهێزبووە و کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
لەهەمان کاتدا ئاماژی بۆئەوە کردووە، تەقینەوکە لە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی حزبوڵا ڕوویداوە کە لەناو کەمپەکەدایە و لەناو کامپەکانی فەلەستینییەکاندا حزبوڵا ئەو کۆگایانەی هەیە بۆ پاراستنی چەکەکانی.
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی میدیای نیشتمانیی لوبنان دەڵێت، تەقینەوەکە لە یەکێک لەناوەندە ئیسلامییە فەلەستینییەکانی ناو کامپەکەدابووە، ئەو کەرەستانەشی تەقیونەتەوە بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی خاوەندارێتیی دەکات و هۆکاری تەقینەوەکەش ڕوون نییە.
ئاژانسی نیشتمانیی لوبنان باسی لەوەکردووە، بەهۆی تەقینەوەکەوە ژمارەیەک کوژراو و بریندار هەن، بەڵام میدیا عەرەبییەکان باس لە 13 کوژراو دەکەن وەک ئاماری سەرەتایی.