تەندروستیی جیهانی: مەترسی هەیە بۆ ئەمساڵ سوورێژە لە منداڵاندا ببێتە پەتا
پەیامی کورد... تەندروستیی جیهانی: مەترسی هەیە بۆ ئەمساڵ سوورێژە لە منداڵاندا ببێتە پەتا
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات لە بڵاوبوونەوەی زۆری سورێژە لەناو منداڵاندا بە جۆرێک نەخۆشییەکە تەنیا لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی ڕێژەی ٨٠٪ زیادی کردووە.
بەپێی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و ڕێکخراوی یونسێفی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا ڕێژەی تووشبوون بە سورێژە ٧٩٪ زیادی کردووە بەراورد بەهەمان ماوە لە ساڵی ڕابردوودا
ڕێکخراوەکە مەترسی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بەشێوەی پەتا لەم ساڵدا لەناو ملیۆنان منداڵ دەخاتە ڕوو.
بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ١٧ هەزار و ٣٣٨ منداڵ تووشی سورێژە بوون تەنیا لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ئەو ژمارەیەش زیاترە لە ئامارە تۆمارکراوەکانی پێشوو و هۆکارە بۆ مەترسیی بوونی بە پەتا لەناو منداڵاندا
کاسرین ڕاسل بەرێوەبەری گشتیی یونیسێف دەڵێت، «مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی سورێژە وەک پەتا تەنیا ئەوە نییە کە نەخۆشییەکی منداڵانی کوشندەیە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ بوونی کێشەی گەورە لە سیستەمی دابەشکردنی ڤاکسینەکان لەجیهاندا».
هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، پەتای کۆڤید-١٩ هۆکاری دروستبوونی کێشە بووە لە دابەشکردنی ڤاکسینەکانی دیکە لە جیهان و کێشە بۆ سیستەمی تەندروستیی جیهانی، بۆیە دەبینین نەخۆشییە کوشندەکان گەڕاونەتەوە لەناویشیاندا سورێژە.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە ساڵی ٢٠٢٠دا لانیکەم ٢٣ ملیۆن منداڵ نەیانتوانیوە ڤاکسینە سەرەکییەکان وەربگرن دژی نەخۆشییە گواستراوە کوشندەکان، ئەوەش بەرزترین ژمارەیە لەساڵی ٢٠٠٩وە.