یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی کۆچبەرانەوە بڕیارێکی دەرکرد
پەیامی کورد... یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی کۆچبەرانەوە بڕیارێکی دەرکرد
وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر چاکسازیکردن لە سیستمی پەنابەران و توندکردنەوەی یاساکانی وەرگرتنی پەنابەران رێککەوتن و چەند بڕیارێکیان دا و جێگری لیژنەی ئەوروپاش بڕیارەکان بە “مێژوویی” وەسف دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە (20-12-2023) پەرلەمانی ئەوروپا و یەکێتیی ئەوروپا چەند بڕیارێکیان لەبارەی کەمکردنەوەی رێژەی پەنابەری نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەندام لەیەکێتی ئەوروپا دا.
رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رێکەوتنەکەی بە “گرنگ” ناوبرد و ووتی،” زۆر دڵخۆشم بەم رێککەوتنە و ئەمڕۆژە لە مێژوودا بە گەورەیی دەمێنێتەوە”. وتیشی، “ئەوروپا جارێکی تر کارێکی ئەستەمی ئەنجامدا و شانازی دەکەم بەم رێککەوتنەی ئەنجاممانداوە”.
رێککەوتنەکە بەم جۆرەیە؛ ئامانجی سەرەکی لە رێکەوتنەکە کەمکردنەوەی ژمارەی پەنابەرانی نایاساییە کە بەرەو ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا کۆچدەکەن.
چاکسازییەکە خۆی لە دامەزراندنی چەند سەنتەرێکی تایبەت و خێرا بۆ دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرانە لەخۆدەگرێت کە مافی پەنابەری لە یەکێک لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا وەرناگرن، هەروەها ئەو کۆچبەرانەی دەگەنە ئەوروپا دەبێت بە زووترین کات لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و لە ئەگەری رەتکردنەوەی داوای پەنابەریەتییەکەی، راستەوخۆ دیپۆرت بکرێتەوە.
هەروەها رێکەوتنەکە میکانیزمێکی هاوئاهەنگییکردنی لەنێوان وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە درووستکردووە بۆ کەمکردنەوەی فشاری پەنابەران لەسەر وڵاتانی باشووری ئەوروپا و دابەشکردنیان بەسەر وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە.
بڕیارێکی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا سەبارەت بەو وڵاتانەیە کە ئامادەنین بەهیچ شێوەیەک پەنابەر وەربگرن، تێیدا هاتووە، ئەو وڵاتانە دەبێت لەرێگەی هاوکاریی دارایی و کەرەستە و کەلوپەلی مرۆییەوە یارمەتی وڵاتانی دیکە بدەن بۆ کەمکردنەوە خەرجی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا.
بەگوێرەی ئامارێکی فرۆنتێکس، تەنها لە 11 مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 355 هەزار پەنابەری نایاسایی سنووری یەکێتیی ئەوروپایان بڕیووە، رێژەکەش بەراورد بە ساڵی رابردوو %17 بەرزبووەتەوە.