TR KU SO
FB X
Cîhan

The National News زانیاری گرینگ سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکات

سارا
Yazar
📅 07 Nisan 2022 14:17
پەیامی کورد     ...    The National News زانیاری گرینگ سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکات

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "دە نەشناڵ نیووز " کە لەژێر ناوی "چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی عێراق پێویستی بەچەند مانگێکی تر هەیە" بڵاوبۆتەوە، تێیدا باس لەوەکراوە، پڕۆسەی سیاسی عێراق لەژێر سێبەری پاشەکشەی موقتەدا سەدر لەپێکهێنانی حکوومەت‌و پێدانی ٤٠ ڕۆژ مۆڵەت بەلایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ئەوەی حکوومەتی داهاتوو درووستبکەن، ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەو قووڵ بۆتەوە.
لەبەشێکی تری ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئەمریکییەکەدا هاتووە، "دەست پێشخەرییەکەی سەدر هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەر هەڵوێستی لایەنەکاندا نەهێناوە، لەکاتێکدا بەشێک لەچاودێران پێیانوایە، لەدوای جەژنی ڕەمەزان دانووستانی لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت دانووستانی نێوان ڕەوتی سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی دەست پێدەکاتەوە، ئەمەش مانای پشتگوێ خستنی ماوە دەستوورییەکانی دەستنیشانکردنی سەرۆککۆمارو پێکهێنانی حکوومەت دەگەینێت".
جەختیشی کردۆتەوە، ئەو قەیرانەی ئێستا هاوشێوەی ئەو قەیرانەیە کە لەساڵی  ٢٠١٠ ڕووبەڕووی پڕۆسەی سیاسی بووە کاتێک پێکهێنانی حکوومەت ١٠ مانگ دواکەوت".
دە نەشناڵ نیووز ئاماژەی بە لێدوانەکانی فائیف زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کردووە کە وتوویەتی:"هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان‌ و ڕۆیشتن بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە، پێویستی بەسازانی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانە".
ڕوونیشیکردۆتەوە، "هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان یەکێکە لە بژاردە باسکراوەکان لەناو دەستووردا، بەڵام جێبەجێکردنی لەئێستادا بە دوور دەزانرێت، هەروەک دۆخەکەش بەشێوەیەک نییە کە پێویست بەپێکهێنانی حکوومەت دۆخی لەناکاو بکات".
لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکەدا هاتووە، "جووڵەکەی موقتەدا سەدر پێش بینی کراو بوو، ئەوەکارەشی بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر ڕەوتەکەی و پێدانی دەرفەت بوو بەلایەنەکانی تر بۆئەوەی بەرپرسیارێتییەکە هەڵبگرن، بەڵام چاودێران وای دەبینن کە ئەو هەنگاوە لەڕاستیدا هەنگاوێکی جیددییانە نییە، بەڵکوو تەکتیکێکی سەدرە بۆ سووكکردنی ئەو فشارانەی لەسەریەتی".

Paylas: