ترەمپ: کیم جۆنگ ئوون نامەیەکی پڕ لە گلەیی بۆناردووم
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای دەکات سەرۆکی کۆریای باکوور نامەیەکی بۆ ناردووە و داوای کۆتاییهێنانی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان ئەمریکا و کۆریای باشوور دەکات. هەروەها دەڵێت، لەداهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ کیم کۆدەبمەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە توویتێکدا ئاشکرای دەکات، کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی کۆریای باکوور، نامەیەکی درێژی بۆ نووسیووە و تێیدا داوایکردووە، ئەمریکا و کۆریای باشوور کۆتایی بە راهێنانە سەربازییە هاوبەشەکانیان بهێنن تاوەکو کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی نێوان کۆریای باکوور و ئەمریکا دەستپێبکەنەوە.
ترەمپ هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە کیم گلەیی لە راهێنانە سەربازییەکان هەیە و لەهەمانکاتیشدا لەبەر تاقیکردنەوەی مووشەکە کورتمەوداکانیش داوای لێبووردنی کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا لە توویتەکەیدا پشتیوانی لە بیرۆکەکەی کیم کردووە و راهێنانە سەربازییە هاوبەشەکانی وڵاتاکەی و کۆریای باشووری بە پڕتێچوو و بێمانا وەسفکردووە و راشیگەیاندووە، لە داهاتوویەکدا کە زۆر دوور نەبێت لەگەڵ کیم کۆدەبێتەوە.