بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی سنە لەسێدارە درا
پەیامی کورد ... بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی سنە لەسێدارە درا
هاووڵاتییەکی خەڵکی سەوڵاوا سەر بە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، سزاکەی لە بەندیخانەی سنە جێبەجێ کرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دوو شەممە ٢٩ بەفرانباری ٢٧٢٠ (١٨ی ژانویەی ٢٠٢٠)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی فاتێح قادری ٤٦ ساڵە کە ڕۆژی پێنج شەممە گوازرابوویەوە بۆ ژووری تاکەکەیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە، لەو بەندیخانەیە جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕۆژی ڕابردوو بنەماڵەی ئەو بەندکراوە بۆ دواهەمین چاوپێکەوتن بانگ کرابوون.
فاتێح قادری خێزاندار و خەڵکی گوندی دەل سەر بە شاری سەوڵاوایە کە نزیکەی سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەستی کەسێک بە ناوی ”ناسیح“ دەستبەسەر و دواتر سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا (لە بەهارەوە) لانیکەم سزای سێدارەی ١٣ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی سنه جێبەجێ کراوە.