TR KU SO
FB X
Kurdistan

بڕیارێک لە سەر نەشتەرگەرییەکان لە هەرێمی کوردستان لە لایەن وەزارەتی تەندرووستییەوە دەرکرا

سارا
Yazar
📅 18 Mart 2019 01:59

پەیامی کورد  ...  وەزارەتی تەندرووستی بڕیاری داوە، ئێوارانیش ھاوشێوەی بەیانیان لە نەخۆشخانە حکوومییەکاندا نەشتەرگەری بکرێت. ووتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، ئه‌م بڕیاره‌یان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیان و نه‌خۆشه‌كان داوه‌.

خالس قادر، ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "ھۆکاری ئەو بڕیارەمان لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیانە بۆ ئەو نەخۆشانەی کە پێویستیان بە نەشتەرگەرییە لە ئێواران، ئەمەش لەبەر زۆریی نەشتەرگەرییەکانی بەیانیان دەمانەوێ لە دوای دەوامی بەیانیان نەشتەرگەرییەکان بەردەوام بێت، چونکە سوودمەندی ئەم بریارە نەخۆشەکان دەبن."

ئێستا تەنیا بەشێکی کەمی نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانەکانی ئێواراندا دەکرێن، وەزارەتی تەندرووستی دەیەوێ ھاوشێوەی دەوامی بەیانیان نەشتەرگەرییەکان لە ئێوارانیش بکرێن.

خالس قادر دەڵێ: "ئەم بڕیارەمان لە دوای کاتژمێر ٢ دەست پێ دەکات، واتا دوای دەوامی بەیانیان و ھەموو ئەو نەشتەرگەرییە بچووک و گەورانەی کە لە دەوامی بەیانیان دەکرێن، لە دەوامی ئێوارانیش دەکرێن، ھەروەھا ئەو پزیشکانەی کە نەشتەرگەرییەکان دەکەن، ھەمان ئەو پزیشکانەن کە لە سبەینان دەیکەن."

ناوبراو ئەو بڕە پارەیەی ئاشکرا كرد كه‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانی پێ دەکرێت و ووتی: "نرخی نەشتەرگەرییەکان ڕێک دەخرێتەوە، ئەو بڕە پارەیەی ئێواران جیاوازە بە بەراورد بە نەخۆشخانە تایبەتەکان، بە شێوازێک نابێت نرخی نەشتەرگەری لە ٥٠ ھەزار کەمتر و لە ٥٠٠ ھەزار زیاتر بێت، ئەو بڕە پارەیەی کە دیاری کراوە، دەکرێت کەمتر بکرێتەوە، بەڵام ناکرێـت زیاتر بکرێت."

لە ھەرێمی کوردستاندا زیاتر لە ٩٠٠ بنکەی تەندرووستی و ٧٦ نەخۆشخانە ھەیە، کە ٤٠ نەخۆشخانەیان گشتیین و ٩ نەخۆشخانەیان منداڵان و ٧ نەخۆشخانەیان ئافرەتان و لەدایکبوونن، ھەروەھا ٨ نەخۆشخانەشیان فریاکەوتنن، لە بەشێک لەو نەخۆشخانانەدا ڕۆژانە نەشتەرگەریی گەورە و بچووک دەکرێت.

Paylas: