بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لەسەر ساڵی نوێی خوێندن
پەیامی کورد ... بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لەسەر ساڵی نوێی خوێندن
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٠. مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران هەرێمی كوردستان بە بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانی كرد كە تایبەت بوو بە تاووتوێ كردنی بژاردەكانی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن 2020-2021 لە ناوەند و دامەزراوەكانی خوێندنی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ھەرێمی كوردستان.
لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا ، هەر یەك لە ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە و عەبدولحەكیم خەسرۆ سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ( لە جیاتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی) ڕاپۆرتێكی بەرفراوانیان دەربارەی چۆنێتی و ئەگەر و بژاردەكانی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن خستەڕوو بە لەبەرچاوگرتنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و ڕینماییە تەندروستییەكان.
دواتر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێكی هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی تەندروستی ئێستای هەرێمی كوردستان ئامارەكانی پەتای كۆرۆنا( كۆڤید 19) و پێشھات وئەگەرەكان خستەڕوو.
دوای تاوتووێ كردنی هەموو ئەگەرەكان و بە هۆی بەردەوامیی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و لە پێناوی بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن وفێركردن و پاراستنی بەرژەوەندی قوتابیان وخوێندكارانی ھەرێمی كوردستان و لەسەر پێشنیاری وەزارەتە پەیوەندیدارەكان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا وەرزی یەكەمی ساڵی نوێی خوێندنی 2020-2021 بە شێوەی خوێندنی ئەلیكترۆنی دەست پێ بكات ( جگە لە قۆناغی دوازدەی ئامادەیی).
ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەكانیی ڕاسپارد لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆیان ڕێنمایی و ئامادەكاریی پێویست بكەن بۆ ڕاگەیاندنی رۆژژمێری وەرزی یەكەمی خوێندن لە گشت ناوەندەكانی خوێندن و دیاریكردنی یەكەم ڕۆژی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن بە شێوەی ئەلیكترۆنی.