دوو لیوای دیکەی یەکەی ٧٠ و ٨٠ دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە
پەیامی کورد... دوو لیوای دیکەی یەکەی ٧٠ و ٨٠ دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، هەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە خێراتر بووە و دەڵێت، ئەمساڵ دوو لیوای دیکەی حەفتا و هەشتا دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
ئەمڕۆ شەممە ١٩ ی ئاداری ٢٠٢٢ لیوا قارەمان شێخ کەمال، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایگەیاند: لە شەش مانگی ڕابردوودا یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە خێرایی بە خۆیەوە بینیوە و هەر دوو هێزی پشتیوانیی یەک و دوو خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ سێ لیوای حەفتا و هەشتا خراونەتە سەر وەزارەت و لیوایەکی نوێش دروست کراوە، پرۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمساڵ دوو لیوای نوێ لە وەزارەت پێک دەهێنرێت بۆ وەرگرتنی یەکەی حەفتا و هەشتا، ئەویش لیوای٢١ و ٢٢ی پێشمەرگەیە، وەزارەتیش هەر دوو یەکەی ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی خۆیان بگونجێنن لەگەڵ سیستەمی وەزارەت و ئەوانیش خەریکی پێکهێنانی لیوا و یەکەی خۆیانن.
لیوا قارمان شێخ کەمال لەبارەی کردنەوەی ژمارەی بانکی بۆ پێشمەرگە ئەوەشی خستە ڕوو، پێشتر ژمارەی بانکی بۆ دیوانی وەزارەت و ژمارەیەک یەکەی سەر بە وەزارەت کراوەتەوە، پلانی وەزارەتیش ئەوەیە هەموو پێشمەرگەیەک ببێتە خاوەن ژمارەی بانکی خۆی، بەڵام پرۆسەکە لەبەر ئەوە دوا کەوتووە، هەندێک سەختە و پێویستی بە هاوکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.