فەرمانگەی میدیا و زانیاری: بەتوندی ئیدانەی کاری ئەو کەناڵانە دەکەین کە ڕووماڵی خۆسووتاندنی هاووڵاتییەکەیان کرد
پەیامی کورد … فەرمانگەی میدیا و زانیاری: بەتوندی ئیدانەی کاری ئەو کەناڵانە دەکەین کە ڕووماڵی خۆسووتاندنی هاووڵاتییەکەیان کرد
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕووداوی خۆسووتاندنی گەنجێک لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر و ڕووماڵکردنی ڕووداوەکە لەلایەن چەند دەزگایەکی راگەیاندنەوە پەیامێکی راگەیاند.
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:-
پەیامی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ڕووداوی خۆسوتاندنی ھاووڵاتیەک لەبەردەم نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ھەولێر
بەداخەوە ئەمڕۆ پەنابەرێکی خەڵکی شاری بۆکان لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ھەولێر ئاگری لە جەستەی بەردا.
لە کاتێکدا دڵگرانی خۆمان لەم ڕووداوە دڵتەزێنە دەردەبڕین، بە توندی ئیدانەی کردەوەی ئەو کەناڵانە دەکەین کە بەبێ گوێدانە ڕەوشتی کاری ڕۆژنامەگەری و یاسا کارپێکراوەکانی و ڕێنمایەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی دڵ ڕەقانە ڕووماڵی ئەم ڕووداوەیان کرد بەبێ هەست کردن بە بەرپرسیارەتی کاری ڕۆژنامەوانی.
دەبێت لایەنی پەیوەندیدار ڕێگری بکات لەو کردەوانە و داواکاری گشتی بە ئەرکی خۆی هەڵسێت بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەم جۆرە کارە نامرۆڤانانە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٨ی ئایاری ٢٠٢١