فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق: دۆخی شنگال ئارامە
پەیامی کورد... فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق: دۆخی شنگال ئارامە
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، ڕایگەیاند کە لە ئێستادا، ڕەوشی قەزای شنگال ئارامە و هیچ دیاردەیەکی چەکداریی لە قەزاکە بوونی نییە و ئێستا تەنیا سوپا و پۆلیسی خۆجێی لە شنگال بڵاو کراونەتەوە.
لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێکدا بڵایکردووەتەوە، ئێستا ڕەوشی قەزای شنگال ئارامە و هیچ دیاردەیەکی چەکداریی لە قەزاکە بوونی نییە و وتی: "هەندێک کەس هەوڵیاندا ئاستەنگ لە بەردەم هاتووچۆدا لە هەندێک ڕێگای سەرەکیی دروست بکەن، بەڵام دواتر لەلایەن سوپاوە چارەسەر کرا".
وتیشی: " دانیشتوانی قەزای شنگال ڕۆڵی گرنگیان گیراوە لە پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی لە قەزاکە و ئێستا تەنیا سوپا و پۆلیسی خۆجێی لە شنگال بڵاو کراونەتەوە".
ئەمڕۆ سێشەممە هەریەک لە سەرۆک ئەرکانی سوپا، فەریقی یەکەم ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، فەریقی یەکەم ڕوکن عەبدولئەمیر شممەری بە یاوەری ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی ئەمنی قەزای شنگال ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا گەیشتنە شارەکە.
ئەمڕۆ سێشەممە هەریەک لە فەریقی یەکەم ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا، سەرۆک ئەرکانی سوپا، فەریقی یەکەم ڕوکن عەبدولئەمیر شممەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بە یاوەری ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی گەیشتوونەتە قەزای شنگال کە ئامانج لە سەردانەکە، ئاگاداربوونە لە ڕەوشی ئەمنی قەزای شنگال.
ڕۆژی ٩ تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠، حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزاکە ڕێککەوتن.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی هاوبەش لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم لە شنگال دروستدەکرێت و دۆسیەی ئەمنیی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت و سەرجەم گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان دەچنە دەرەوەی سنووری قەزاکە.