جێگری سەرۆکی ھەردوو ڕێکخراوی لاوانی سیاسی جیھان و ئەورووپا، لە لایەن سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی یۆنانەوە پێشوازی لێکرا
پەیامی کورد ... لە ئەسینای پایتەختی یۆنان، فەلاح حەسەن، جێگری سەرۆکی ھەردوو ڕێکخراوی لاوانی سیاسی جیھان و ئەورووپا، لە لایەن کریاکۆس میتسۆ تاکیس، سەرۆکوەزیرانی تازەدەستبەکاربووی حکوومەتی یۆنان و ھاوکات سەرۆکی پارتی دیموکراتی یۆنان " دیموکراسی نوێ " پێشوازیی لێ کرا.
سەرەتا لە دیدارەکەدا ئەم گەنجە کوردە سوپاسی کریاکۆس میتسۆ تاکیس، سەرۆکی حکوومەتی یۆنانی کردووە بۆ ئەم دیدارە و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە لە کارەکەیدا و سڵاو و ڕێزی لاوانی ئەورووپا و کوردستانیشی بە بەڕێزیان گەیاندووە.
فەلاح حەسەن ئەو گەنجە کوردە کە ھاوکات نوێنەری لاوانی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە باسی لە دواین بارودۆخی ھەرێمی کوردستان و عێراق کردووە لە دوای شەڕەکانی تیرۆر و ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و پێکھاتنی حکوومەتی تازە و داوای لێیان کردووە کە لە ئێستا و ئایندەدا پشتگیر و دۆستی گەلی کوردستان بن."
سەرۆکی حکوومەتی یۆنان باسی ڕۆڵ و گرنگیی لاوانی سیاسیی ئەورووپای کردووە و خۆشەویستیی تایبەتی خۆی بۆ گەلی ھەرێمی کوردستان دەربڕیوە و سوپاسی ھەڵوێستی پێشمەرگەی کوردستانیشی کردووە کە بەرەنگاری تیرۆر بوونەتەوە و توانیویانە ھەرێمی کوردستان لە دەستی تێرۆریستان ڕزگار بکەن و بەڵێنی بەو گەنجە کوردە داوە کە بەپێی توانا ھەردەم ھاوکاری گەلی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتەکەی بێت.
شایانی باسە سەرۆکایەتیی لاوانی سیاسیی ئەورووپا چەند داواکارییەکیان پێشکەش بە سەرۆکی حکوومەتی یۆنان کردووە سەبارەت بە ڕەوشی پەنابەران لەو وڵاتەدا و چەندین چالاکی لەم بارەیەوە ئەنجام دەدەن بۆ پشتگیریکردنی پەنابەران لە وڵاتی یۆناندا.