حۆکمی لە سێدارەدان بۆ بەندکراوێکی سیاسی کورد دەرکرا
مۆحییدین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسی کورد کە لەبەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندا.
بە پێی هەواڵ و زانیارییەکان ، لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیە، بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەر مۆحییەدین ئیبراهیمی تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی گوندی ئاڵکاوێی شنۆ سەپاند.
دانیشتنی دادگایی ناوبراو ڕۆژی دووشەممە " ٢٠ی ئۆگۆستی ٢٠١٨ " بەڕێوە چووە و ئەمڕۆ یەکشەممە " ٢٣ی سێپتەمبەری ٢٠١٨ " بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیندراوە.
بە ووتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەنکراوە کوردە لە هەبوونی مافی پارێزەر بێ بەش بووە.
ئەو بەندکراوە کوردە ڕۆژی شەممە " ٤ی نۆڤەمبەری ٢٠١٧ " لەکاتێکدا سەرقاڵی کۆڵبەری بوو لەلایەن هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە پایگای بێمزورتێ کرایە ئامانج و دوای ئەوەی لاقی بە سەختی بریندار بوو، دەستبەسەر کرا و لەوکاتەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیراوە.
مەحیەدین ئیبراهیمی خێزاندار و خەڵکی گوندی ئالکاوێی شنۆ، بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەل حزبی دیموکرات دەستبەسەر و ماوەی ١٤ مانگ لە بەندیخانە ڕاگیرابوو.
برایەکی دیکەی مەحیەدین بەناوی نورەدین بانەمەڕی ٢٧١٧ی کوردی لەکاتی کۆڵبەری و بەتەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرابوو.