هیوا: بڕیاری حكوومەت بۆ دابەشكردنی زەوی كارایە.. گۆڕانكاری بەسەر كرێی خانوودا نەهاتووە
پەیامی کورد ... جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینان لە هەرێمی كوردستان گوتی، راستە بە هۆی باشبوونی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستانەوە داواكاری بۆ خانووی كرێ زیاد بووە، بەڵام نرخی كرێی خانوو وەكو خۆیەتی و زیاد نەبووە، لە سنووری هەولێریش 8 هەزار و 320 كرێنشین هەیە. دەشڵێ، بڕیاری حكوومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی زەوی كارایە و لە هەولێر زەویش دابین كراوە و هەوڵ دەدرێت لەم كابینەیەدا زەوی دابەش بكرێت.
هیوا خالید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، پێشتر بە هۆی قەیرانی داراییەوە خەڵكێكی زۆر خانووی كرێی بەجێ هێشت و ئەمەش وای كرد خانووی كرێ زۆر بێت، بەڵام بە هۆی باشبوونی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستانەوە، ئێستا خواست لەسەر خانووی كرێ زیاد بووە و هیچ گۆڕانكارییەكیش بەسەر كرێی خانوودا نەهاتووە و وەكو خۆی ماوە.
خالید گوتیشی: "لە كۆمەڵەی ئێمە تاوەكو ئێستا هەشت هەزار و 320 كرێنشین ئەو فۆڕمەیان پڕ كردووەتەوە، كە وەزارەتی شارەوانی بۆ ئێمەی رەوانە كردووە بۆ تۆماركردنی كرێنشینان، كە ئەمە تەنها هی سنووری هەولێرە".
جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینان لە هەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد، تاوەكو ئێستا بڕیاری دابەشكردنی زەوی بەسەر هەژار و كەمدرامەتاندا كارایە و لە هەولێر وەزارەتی شارەوانی زەوییشی دابین كردووە، بەڵام هێشتا لە سلێمانی خۆیان ئامادە نەكردووە، بۆیە بڕیارە لەگەڵ كابینەی نوێدا گفتوگۆ بكەین بۆ ئەوەی ئەو بڕیاری دابەشكردنی زەوی جێبەجێ بكرێت.
دەشڵێ، لە سنوری هەولێر 392 شوققە لە بنەسڵاوە ئامادەن و تەنها ماوە كاری قیرتاوكردنی رێگایان بۆ بكرێت و 792یەكەی نیشتەجێبوونی دیكەش لە هەولێر هەیە، كە ئەوانیش بڕیارە دابەش بكرێن و هەروەها 17 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونیش بۆ مامۆستایان دروست دەكرێن، ئەمەش وای كردووە خەڵكێكی زۆر ڕوومان تێبكات و ناوی خۆیان تۆمار بكەن.