هاوژینی خوالێخۆشبوو محەمەد ماملێ کۆچی دوایی کرد
پەیامی کورد … هاوژینی خوالێخۆشبوو محەمەد ماملێ کۆچی دوایی کرد
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ی شووباتی ٢٠٢٠، خاتوو ئامین مەولوودیان، هاوژینی هونەرمەندی کۆچکردووی کورد لە مەهاباد، محەمەد ماملێ لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
محەممەد ماملێ (لەدایکبوون ١٩٢٥ - کۆچی دوایی ١٩٩٩) ھونەرمەندی گۆرانیبێژ، مەقامبێژ کورد، خەڵکی مەھابادە. ماملێ لە ساڵی ١٩٢٥ یەکێک لە گەڕەکی "خڕێ"ی شاری مەھاباد لەدایک بووە. ماملێ ناوی محەممەد کوڕی سەعید کوڕی عەلییە.
لە بنەماڵەی ماملێدا جیا لە محەمەدی ماملێ چەندین کەسی دیکە و برا و کوڕەکانی هونەرمەند و نووسەرن، ماملێ لە گۆرانیدا خاوەن شێواز و ڕێچکەی تایبەت بە خۆیە و بە دەیان بەرهەمی بەنرخی پێشکەش بە هونەری کوردی کردووە.
سەرەنجام ماملێ پاش خزمەتێکی زۆر بە مۆسیقا و گۆرانیی کوردی ساڵی ١٩٩٩ لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی سپی و لە ڕێزی نووسەر و هونەرمەندانی ئەو شارە بە خاک سپێردرا.
وریا ماملێ کوڕی گەورەی هونەرمەند ماملێ لەوبارەوە بەیاننامەیەکەی بڵاو کردووەتەوە کە دەقەکەی لە خوارەوە هاتووە؛
بە داخێکی گرانەوە بە ئاگاداریتان دەگەیێنم کە دایکم یای (ئامین مەولودیان) هاوژینی خوالێخۆشبوو هونەرمەند محەممەدی ماملێ، کاتژمێر ٣ی سەرلەبەیانی بە کاتی مەهاباد، ئەمڕۆ پێنجشەممۆ ڕێکەوتی (٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٩بەرانبەر بە ١٨/٠١/٢٠٢١) لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
یای ئامین لە دایکبووی ساڵی ١٣١٥ه/١٩٢٦ز و کچی یەک لە ئەفسەر و فەرماندە بەناوبانگەکانی کۆماری کوردستان، کاپیتان محەممەدی مەولودیان ناسراو بە "حەمەدی مەولودە چرچی"ـیە. تا پۆلی چواری سەرەتایی دەخوێنێت.
دوو جاران شووی کردووە. یەکەمجار ساڵی (١٣٣٠ه/١٩٥١ز) بە خوالێخۆشبوو ئەسعەدی خودایار و کوڕێک و کچێک بەرهەمی ژیانیان دەبێ بە ناوەکانی "سولەیمان خودایار" و "ڕوناک مەولودیان / خودایار".
لە پاش مەرگی کاک ئەسعەد خودایار (١٣٤٠/ ١٩٦١) لە ساڵی ١٣٤٣/١٩٦٤ شوو دەکاتەوە بە هونەرمەند محەممەدی ماملێ کە ئەویش هەر پێشمەرگەی سەردەمی کۆمار و لە بندەستی کاپیتان حەمەدی مەولودیان (ڕاتبی) ئەرکەکانی پێشمەرگایەتی بەجێدەگەیاند. کچێک و چوار کوڕیش بەرهەمی ژیانیان دەبێ بە ناوەکانی شەهیدی لەسێدارەدراو عەبدولڕەحیم (نەجات)، شەونم، وریا، چالاک و چیا.
ڕۆحیان شاد و یادیان بەخێر
”وریا ماملێ”