حکومەتی عێراقی هەڕەشەی سەر هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ئیدانە دەکات
حکومەتی عێراق لەسەر فشارخستنە سەر هێزە ئەمنییەکانی هەرێم هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، ئەوانەی هێزە ئەمنییەکان ناچار دەکەن دەنگ بە لایەنێکی دیاریکراو بدەن، ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە.
سەعد حەدیسی ووتەبێژی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیندراوێکدا دەڵێت “هەواڵمان پێگەیشتووە حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان هەڕەشەی گواستنەوە و دەرکردن لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و فەرمانبەران دەکەن، بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن، دەنگ بەلایەنێکی دیاریکراو بدەن”.
سەعد حەدیسی دەڵێت “ئەگەر ئەم ڕێوشوێنانە ئەنجامبدرێن، ئەوا لایەنە بەرپرسەکان ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.
هەروەها داوای لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کردووە گوێ بەو هەڕەشانە نەدەن و جەختی لەوە کردووەتەوە، حکومەتی عێراق لە پشتیان دەبێت بۆ پەیڕەوکردنی مافی خۆیان لە هەڵبژاردنەکان و دەنگدانێکی ئازادانە بەو لایانەی باوەڕیان پێی هەیە.
ئەمە لە کاتێکدایە هەردوو پارتی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان، فشارەکانیان بۆ سەر فەرمانبەر و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان دەستپێکردووە، بۆ کۆکردنەوەی دەنگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بە پێی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆییش کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، چەند بەرپرسێکی باڵای حزبی و حکومی تەلەفۆن بۆ فەرمانبەر و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان دەکەن و داوایان لێ دەکەن بەشداری دەنگدان بکەن و دەنگیان پێبدەن.