هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشکرا دەکرێت
پەیامی کورد ... هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشکرا دەکرێت
مامۆستایەكی زانكۆ، هۆكارەكانی نزمبوونەوەی نرخی دیناری عێراقی بەرانبەر بە دۆلار ئاشكرا دەكات و دەڵێت، هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، پەیوەندی بەو گەمە ئابوورییەوە هەیە كە بە ناڕاستەوخۆ لە نێوان بانكی ناوەندی و هەندێك بازرگانی عێراق دەكرێت، كە هەندێك لایەنی سیاسیش تێیدا بەشدارن و دەیانەوێت بیكەنە دەستكەوتی هەڵبژاردن و بڵێن ئێمە لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار نین.
د. كاوە قەرەداغی، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی بواری كارگێڕی و دارایی، رایگەیاند: "بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی ناسەقامگیری نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار، پەیوەندی بە سیاسەتەكانی سندووقی نەختی نێودەوڵەتییەوە هەیە، بەوەی ئاڕاستەی سیاسەتەكانی سندووقەكە بەو شێوەیەیە، كە داوا لە بانكی ناوەندی دەكات نرخ بەرز بكاتەوە، تاوەكو لە ڕێگەیەوە بەشێك لەو قەرزانە بداتەوە كە لەسەر عێراق هەیەتی، لە سەروو هەمویشیانەوە ئەو گەمە ئابوورییەیە، كە بانكی ناوەندی عێراق بە هاوكاریی كۆمەڵێك لە بازرگانانی مامەڵەی دراو پێی هەڵدەستن و خستنەڕووی دۆلار كەم دەكەنەوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی دابەزینی دیناری عێراقی و یەپێچەوانەوەشەوە ڕاستە، بەدەر لەوەش ئەوەی كەپێویستە بوترێت، عێراق هەر بۆخۆی لە قەیرانێكی دارایی قووڵدایە و ڕەنگە بەرزبوونەوەی دۆلار لە چەند حاڵەتێكی بچووكدا خزمەت بە لایەنی كورتهێنانی بوودجەكەی بكات كە بۆی درووست بووە".
قەرەداغی دەشڵێت: "بەپێی ئاماژەپێدراوە ئابوورییەكان، بۆ داهاتوو نرخی هەر سەد دۆلارێك لە بەرامبەر ١٥٠ هەزار دینار دەوەستێت، تەنها ڕێگەیەك بۆ دابەزینی نرخی دۆلار و بەرزكردنەوەی بەهای دیناری عێراقی، خستنەڕووی زیادەی دۆلارە لە لایەن بانكی ناوەندییەوە، بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونانەی باس لەوە دەكەن، كە پەرلەمانی عێراق بتوانێت بە جۆرێك لە جۆرەكان نرخی دۆلار دابەزێنێت، ئەوەی دەگوترێت هەمووی سیاسییە، چوونكە دابەزینی بەهای دۆلار، عەمەلییەكە زیاتر پەیوەندی بە فەرمی سیاسەتی بانكی ناوەندی و سندووقی نەختی نێودەوڵەتییەوە هەیە و چۆنیان بیەوێ وای لێ دەكەن".
ئەو پسپۆڕە ئابوورییە پێشی وایە: "ناسەقامگیریی نرخی دراو، زیانێكی زۆری هەیە بۆ بازاڕ و دەبێتە هۆی هەڵاوسان، كە هەمیشە هەژارەكان و چینی ناوەڕاست باجەكەی دەدەن، هەروەها مووچەخۆران و ئەوانەی كە داهاتێكی سنوورداریان هەیە لێی زیانمەند دەبن، لە بەرامبەریشدا سیاسییە خاوەن بانكەكان قازانجی لێ دەكەن".
دوو رۆژە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزینێكی بەرچای بەخۆوە بینیوە، ئەمڕۆ لە كاتی كردنەوەی بازاڕەكاندا، بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریكی، بەرامبەر بوو بە ١٤٩ هەزار و ٢٥٠ دینار.