هۆشیار زێباری: دادگای فیدڕاڵی نادەستورییە
پەیامی کورد... هۆشیار زێباری: دادگای فیدڕاڵی نادەستورییە
هۆشیار زێباری ڕایدەگەیەنێت،"دادگای فیدڕاڵی نادەستورییە، بڕیارەكانی سیاسین و بۆ پاكتاوكردنی حساباتەكان بەكاردەهێنرێت".
هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) نوسیویوتی،"وتومانە و دەیڵێین, دادگای فیدڕاڵی نادەستورییە و بڕیاڕەكانی سیاسین بۆ پاكتاوكردنی حساباتە ناوخۆیی و دەرەكییەكان بەناوی دادگاو دادپەروەریەوە".
ئاماژەی بەوەشداوە،"كاتی ئەوە هاتووە یاسایەكی نوێ دابڕێژرێت بۆ پێكهێنانی دادگایەك وەك ئەوەی لە دەستوردا هاتووە, چونكە هەژموونی كردووە بەسەر بڕیاڕەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان".
وتەكانی هۆشیار زێباری لەكاتێكدایە، كە ڕۆژی سێشەممە 14-11-2023 دادگای فیدراڵیی، محەممەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی لە پۆستەكەی دوورخستەوە و بەئەندامبوونی لە پەرلەمان هەڵپەسارد.
جێگەی باسە، پێشتر و لە بەرواری 13-2-2022، دادگای فیدراڵیی، هۆشیار زێباری لە كاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دوورخستەوە، هەر ئەوكاتیش ناوبراو ڕایگەیاند كەوا بڕیارەکە "سیاسییە" و چەند لایەنێکی لە پشتە.