ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ ٢٩ ژن کوژراون و ٨٩ ژن دەستبەسەرکراون
پەیامی کورد... ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ ٢٩ ژن کوژراون و ٨٩ ژن دەستبەسەرکراون
لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژناندا ئەندامێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 181 رووداوی کوشتن، خۆکوشتن، دەستگیرکردن و توندوتیژی دژی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراون.
ژیلا موستەئجێر، ئەندامی رێکخراوی (هەنگاو) لە لێدوانێکدا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''29 ژن بە بیانووی جیاواز لەلایەن کەسوکاریانەوە کوژراون، لەوانە 13یان بە پاساوی شەرەف و 16شیان بە بیانووی جۆراوجۆری وەکوو کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی بووە.''
بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوەکە ئەمساڵ 89 ژن بەهۆی چالاکیی سیاسی، مەدەنی و فەرهەنگییەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گیراون. لەو 89 ژنە 19ـیان لە دادگە کەیسەکەیان یەکلایی کراوەتەوە و سزای زیندانییان لە سێ مانگەوە تاوەکوو 10 ساڵ بەسەردا سەپێندراوە.
لەنێو سزادراوەکاندا ژنێک بە ناوی نەسیم نەمازی هەیە کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.
هەروەها ئەمساڵ 58 رووداوی خۆکوشتنی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراون کە نزیکەی 50٪ـیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵ بووە.
25ی نۆڤەمبەری هەموو ساڵێک کە بە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ناسراوە، ژنان هەوڵ دەدەن جۆرەکانی توندوتیژیی سەر ژنان بناسێنن و بە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگا پێش بە پەرەسەندنی توندوتیژییەکان بگرن.