فوئاد حسێن و برێت مەکگۆرک لە واشنتۆن کۆبوونەوە
وەزیری دەرەوەی عێراق و رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەربارەی بەرەنگاربوونەوەی داعش کۆبوونەوە.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، برێت مەکگۆرک رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە واشنتۆن کوبۆوونەوە و لە میانیدا، لێکەوتەکانی شەڕی سەر غەززە، پرسی بەرەنگاربوونەوەی داعشیان لە عێراق و سووریا تاوتوێ کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند: برێت مەکگۆرک لە نووسینگەی خۆی لە واشتنۆن پێشوازی لە فوئاد حسێن کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا، دوایین پێشھاتەکانی دۆخی سیاسی لە عێراق تاوتوێ کرا و گفتوگۆ کرا لەبارەی ئەو رۆڵە گرنگەی کە عێراق لە ناوچەکە دەیگێرێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و دوایین پێشھاتەکانی دۆخی ھەرێمی و کاریگەرییەکەی لەسەر عێراق، کراوە.
باسی لەوەش کردووە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، لێکەوتەکانی شەڕی غەززە، پرسی بەرەنگاربوونەوەی داعشیان لە عێراق و سووریا، خراونەتە بەرباس.
ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی 22ی ئەم مانگە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، کە محەمەد شیاع سودانی، مانگی داهاتوو و لەسەر بانگھێشتی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، سەردانی واشنتۆن دەکات.