Kurdistan
لە بەلجیكا چەند كەسێكی تورك هێرش دەكەنە سەر خێزانێکی کورد و ئاڵای کوردستانیشیان لێ دەسووتێنن
چەند كەسێكی تورك لە بەلجیکا، لە دوای ئاهەنگی نەورۆز لەو وڵاتە، هێرشیان کردووەتە سەر خێزانێکی کورد و ئەشکەنجەیان داون و ئاڵای کوردستانیشیان سووتاندووە.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەتەوە، ڕۆژی ڕابردوو، لەدوای تەواوبوونی ئاهەنگی نەورۆز لە وڵاتی بەلجیکا، چەندین كەسی رەگەزپەرستی تورک هێرشیان کردووەتە سەر خێزانێكی کورد و سەرەڕای ئەوەی چوار کەسیان بە سەختی بریندار کردوون، ئاڵای کوردستانیش، کە لەناو ماڵی ئەو خێزانە کوردەدا بووە، سووتاندوویانە.
هاووڵاتییانی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ئەو هێرشەیان بە توندی سەركۆنە کردووە، کوردانی بەلجیکاش بڕیاریان داوە، بۆ شەرمەزارکردنی ئەو دەستدرێژییە، ئەمڕۆ دووشەممە 25ی3ی2024، لە شاری بروکسل لە بەلجیکا گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە ببەن.