TR KU SO
FB X
Kurdistan

ئێران منداڵێکی کوردی لەسێدارە دا

Arsalan
Editor
📅 18 Mayıs 2024 22:11

سزای سێدارەی ڕامین سەعادەت، بەندکراوێکی لاوی کورد و خەڵکی میاندواو کە لە تەمەنی ١٧ ساڵی بە تۆمەتی "کوشتنی ئەئەنقەست" دەستبەسەر کرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارەدا جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٨ی بانەنەڕی ٢٧٢٤ (١٨ی مەی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی ڕامین سەعادەت، لاوی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "دەوڵەت ئاوا" (شامات) سەر لە شاری میاندواو کە لە کاتی ئەنجام دانی تاوانەکە تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە لە کاتێکدا جێبەجێ کراوە کە تەمەنی ٢٠ ساڵ بووە کە ناوبراو چوار ساڵ پێش و ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (١٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٠) لە تەمەنی ١٧ ساڵان، دەستبەسەر کرا و بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لەلایەن دادگای شۆڕشی میاندواو سزای سێدارە بە سەریدا سەپێنرابوو.

بە پشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٣ زایینی سزای سێدارەی لانی کەم پێنج منداڵی تاوانبار لە بەندیخانەکانی خۆڕەمئاوا (٢ حاڵەت)، چابەهار، سەبزەوار و قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە. کە ئەم پێنج بەندکراوە لە کاتی ئەنجام دانی تاوانەکان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ و منداڵ بوون و تەنانەت یەکێکیان بە ناوی حەمید ئازەری لە کاتی جێبەجێ کرانی سزاکەی ١٧ ساڵ تەمەنی هەبووە.

بەڵێننامەی مافی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە ئیمزا و پەسەند کراوە، بە ڕاشکاوی مافی سەرەکەی منداڵان دەستەبەر دەکات و بریتین لە قەدەغە بوونی کەڵک وەرگرتن لە سزاکانی سەخت و بێ بزەیی، وەکوو سێدارە بۆ کەسانێک کە تەمەنیان ژێرەوەی ١٨ ساڵە بەڵام لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەردەوام سزای سێدارەی منداڵان تاوانبار جێبەجێ دەکرێت.

Paylas: