TR KU SO
FB X
Kurdistan

باوکێکی دادخوازی کورد سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

Arsalan
Editor
📅 22 Mayıs 2024 20:43

ماشەڵڵا کەرەمی باوکی محەممەدمەهدی (کۆمار) کەرەمی گیانبەختکردووی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە لە ٩ مانگی پێشەوە دەستبەسەر کراوە، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای ٦ ساڵ بەندکران بە سەریدا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ماشەڵڵا کەرەمی هاووڵاتیی کورد و دانیشتووی کەرەج، لەلایەن دادگای شۆڕشی کەرەج، بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ" بە ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "هەوڵدانی دژ بە حکوومەت" سزای یەک ساڵ بەندکران بە سەریدا سەپێنراوە.

بەپێی زانیارییەکان، حکوومەت دەستی بەسەر تەواوی ماڵ و دارایی و ئۆتۆمبێل و هەموو شتێکی ئەم بنەماڵە دادخوازە گرتووە و زەوتی کردووە. ماشەڵڵا کەرەمی پێشتر لەلایەن دادگای تاوانەکانی دووی شاری نەزەرئاوا بە "بەدەستهێنانی سامانی نایاسایی" تۆمەتبار کرابوو.

ماشەڵڵا کەرەمی ڕۆژی ٦ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کەرەج بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواستراویەوە. چەند ڕۆژ پێش ئەوەش، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو بنەماڵە دادخوازە و دوای پشکنینی ماڵەکە، ژمارەیەک لە کەلووپەلی تاکەکەسیی محەممەد مەهدی کەرەمییان لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

ماشەڵڵا کەرەمی ڕۆژی ٣١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، دوای پشکنینی ماڵەکەی و زەوتکرانی مۆبایل و هێندێک کەلووپەلی دیکەی تاکەکەسی، دەستبەسەر کرا و لە ئەنجامدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج، گواسترایەوە.

محەممەدمەهدی (کۆمار) کەرمی، لاوی کوردی خەڵکی شاری بیجاڕ و تەمەن ٢١ ساڵ، لەگەڵ محەممەد حوسێنی، تۆمەتبارێکی سەرەکیی دیکەی ئەو دۆسیە بەناو "کوشتن"ی ڕوحوڵڵا عەجەمیان، لە ئەندامانی بەسیج، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا و دوای ئەوەی کە بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە درابوون، بەرەبەیانیی ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لەسێدارە دران. ئەم دوو لاوە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر کرابوون.

 

Paylas: