Kurdistan
زانیاری نوێ لەبارەی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەی سەرۆكی ئێران
بەشێك لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەی رووداوی گیانلەدەستدانی (ئیبراهیم رەئیسی) و یاوەرانی بڵاوكرایەوە، بەپێی ئەنجامەكان دەركەوتووە هێلیكۆپتەرەكە خۆی بە لوتكەی چیایەكدا كێشاوەو شوێنەواری فیشەك و هاوشێوەی پێوە نەبووە.
سەرۆك ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران رایگەیاند، هێلیكۆپتەرەكە لە رێڕەوی خۆی لاینەداوەو ڕێڕەوی فڕینی دیاریكراوی بەجێنەهێشتووە، نزیكەی (90) چركە پێش رووداوەكەش فڕۆكەوانی هێلیكۆپتەرەكە پەیوەندی لەگەڵ دوو هێلیكۆپتەرەكەی یاوەری هەبووە.
وتیشی، هێلیكۆپتەرەكە خۆی كێشاوە بە لوتكەی چیایەكداو شوێنەواری فیشەك و هاوشێوەی پێوە نەبووە، بەهۆی ئاڵۆزی ناوچەكەو تەم و نزمی پلەی گەرماوە ئۆپەراسیۆنی گەڕان بەشوێن رەئیسیدا بۆ شەو درێژكرایەوەو سەر لەبەیانی دووشەممە درۆنەكان شوێنەكەیان دیاریكردووە.
دەشڵێت، هیچ حاڵەتێكی گوماناوی لە گفتوگۆكانی تیمی فڕۆكەوانیدا بەدینەكراوە، پێداچوونەوەش بە بەڵگەنامەكاندا دەكرێت و تیمی شارەزا لێكۆڵینەوەی خۆی دەكات و بەردەوام دەبن لە كارەكانیان.