شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌چێته به‌غدا
شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات، به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنی پرسی كێشه‌ی زه‌ویوزار له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 27ی 5ی 2024، دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هه‌رێمی كوردستان، ڕاگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه و تێیدا هاتووه، ئەمڕۆ شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بەسەرپەرشتیی سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان و ئەندامێتی سامی جه‌لال حسێن، ڕاوێژکار لە وەزارەتی ناوخۆ و تاهیر عه‌بدوڵا عوسمان، ڕاوێژکار لە فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ده‌چێته به‌غدا.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته ڕوو، شانده‌كه بۆ پرسی کێشەی زەویوزاری کشتوکاڵی لە ناوچە کوردستانییەکان سەردانی به‌غدا ده‌كه‌ن و وا بڕیارە لەسەر ئەو پرسە چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ ئەنجام بدەن.
سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌و شانده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كاتێكدایه كه ماوه‌یه‌كه جارێكی تر عه‌ره‌به هاورده‌كان له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، به تایبه‌ت له سنووری كه‌ركووك كێشه بۆ جووتیارانی كورد دروست ده‌كرێ و چه‌ندین جاریش عه‌ره‌به هاورده‌كان به پاڵپشتیی هێزه سه‌پێندراوه‌كان ڕێگرییان له كاری كشتوكاڵی جووتیارانی كورد كردووه.