بازاڕی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر به گوژمه‌ی پێنج ملیار و سێسه‌د ملیۆن دینار نۆژه‌نده‌كرێته‌وه
پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند كه نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بازاڕی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر به گوژمه‌ی پێنج ملیار و سێسه‌د ملیۆن دینار چووه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 8-6-2024، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر به یاوه‌ری ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی شاره‌كه، پڕۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی كۆڵانه‌كانی قه‌یسه‌ری هه‌ولێری به‌سه‌ر كرده‌وه، كه ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا به‌هۆی رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه سووتا.
له چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا، پارێزگاری هه‌ولێر داوای له لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بازاڕی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر كرد، له‌پێناو هه‌رچی زووتر گه‌ڕانه‌وه‌ی كاسبكاران بۆ شوێنی كاركردنیان، كاری نۆژه‌نكردنه‌وه خێراتر بكه‌ن.
له میانی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر به رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند، هه‌موولا ئاگادارن كه له 5-5-2024، به‌شێكی بازاڕی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر، كه به بازاڕێكی كولتووریی هه‌ولێر ده‌ناسرێت، به هۆی رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه سووتا و به ماوه‌یه‌كی كه‌م ئاگره‌كه له لایه‌ن تیمه‌كانه‌وه كۆنترۆڵكرا و زیانێكی زۆری ماددی به‌ر بازاڕه‌كه كه‌وت و خۆشبه‌ختانه زیانی گیانی لێنه‌كه‌وته‌وه.
ئومێد خۆشناو وتی: "رۆژی دوای رووداوه‌كه مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران سه‌ردانی قه‌یسه‌ری هه‌ولێری كرد و له نزیكه‌وه گوێبیستی داواكاری دووكانداره‌كانی قه‌یسه‌ری بوو و بهڵێنیدا، ئه‌وه‌ی له توانادابێت وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و بازاڕه، ئه‌نجامی بدات".
وتیشی: " له‌پێناو ئاسانكاریكردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كاسبكاران بۆ سه‌ر ئیش و كاری خۆیان، سه‌رۆك وه‌زیران ئێمه‌ی راسپارد هه‌رچی پێویسته بۆ خێرا نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و بازاڕه ئه‌نجامی بده‌ین".
روونیشیكرده‌وه كه له رۆژی پێنجشه‌مه‌ی رابردووه‌وه كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بازاڕی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر ده‌ستیپێكرد، تێچووی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و بازاڕه له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگا دابینكراوه و بڕه‌كه‌ی پێنج ملیار و سێ سه‌د ملیۆن دیناره.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه "ئه‌و شوێنانه‌ی له‌و بازاڕه‌دا زیانیان به‌ركه‌وتووه، دوو به‌شن، به‌شێكی قه‌یسه‌ری كۆنی پێده‌گوترێت و شوێنه‌واره، به‌شه‌كه‌ی دیكه قه‌یسه‌ری نوێیه، پێشتر نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه".
پارێزگاری هه‌ولێر له‌باره‌ی به‌شه كولتووری و شوێنه‌وارییه‌كه‌ی قه‌یسه‌ری ده‌ڵێت: "نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌یان ئاسان نییه و له‌ژێر رێنماییه‌كانی یونیسكۆ ده‌كرێت و له‌ماوه‌ی كه‌متر له یه‌ك ساڵدا ته‌واوی پرۆسه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر ته‌واو ده‌بێت".
ئاشكراشیكرد كه دوای رووداوه‌كه وه‌ك پاڵپشتی بۆ زیانلێكه‌وتووانی كاسبكارانی ئه‌و بازاڕه، چه‌ندین بڕیار له‌لایه‌ن پارێزگای هه‌ولێره‌وه ده‌ركرا، له‌وانه، لێخۆشبوو‌ن له كرێی تابلۆ و خاشاك و هه‌روه‌ها لێخۆشبوو‌ن له باج به رێژه‌ی له‌سه‌دا50 بۆ ساڵی 2023 و له‌سه‌دا 100 بۆ ساڵی 2024 و وێڕای رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ بانكی جیهان بۆ پێدانی قه‌رزی بێ سو‌و بۆ زیانلێكه‌وتووانی كاسبكارانی ئه‌و بازاڕه.
راشیگه‌یاند كه به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر و هه‌ر شه‌ش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانییه‌كانی سنووری هه‌ولێر، به سوودوه‌رگرتن له‌و كاره‌ساتانه و رووداوه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه، ده‌ستكراوه به لابردنی زێده‌ڕۆییه‌كان له بازاڕه میللییه‌كان