TR KU SO
FB X
Kurdistan

بڕیارەكەی مه‌سروور بارزانی بۆ وەرزشوانان لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن

سارا
Yazar
📅 30 Ağustos 2024 07:00
پەیامی کورد   ...   بڕیارەكەی مه‌سروور بارزانی بۆ وەرزشوانان لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن

مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕەزامەندی دا بۆ بەخشینی پاداشتی دارایی بە شێوەی هەمیشەیی بەو یانە و پاڵەوانانەی، كە لە ئاستی خول و پاڵەوانێتییەكانی ناوخۆ و دەرەوە پلەکانی یەکەم بەدەست دەهێنن.

دەقی بڵاوکراوەی بەڕێوبەرایەتی وەرزش:

موژدەیەكی گەورە بۆ وەرزشوانە پاڵەوانەكانی یارییە تاک و بەکۆمەڵەکانی كوردستان، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر پاداشتی دارایی یەكەمەكانی وەرزش دا.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی دا بۆ بەخشینی پاداشتی دارایی بە شێوەی هەمیشەیی بەو تیپ و پاڵەوانانەی كە لە ئاستی خول و پاڵەوانیەتییەكانی ناوخۆ و دەرەوە پلەكانی یەكەم و دووەم و سێیەم بەدەست دەهێنن، بڕیارەكەش لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن.

دوابەدوای نووسراوی بەڕێوبەرایەتی گشتی وەرزش لە رێگەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بۆ خەڵات كردنی تیپ و یاریزانە پاڵەوانەكان، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێزدار مەسروور بارزانی رەزامەندی دا خەڵاتی دارایی پێشكەش بە وەرزشوان و تیپە سەركەوتووەكان بكرێت.

بە نووسراوی ژمارە 11582 لە رێكەوتی 28.8.2024 رەزامەندی لەسەر نووسراوەكە درا و بە ئیمزای ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاراستەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان كراوە.

بەم شێوەیە لەمەودوا ئەو تیپ و یانە و پاڵەوانانەی لە ئاستی خولەكانی ناوخۆ، عێراق و ئاسیا و جیهان نازناو یان پلەی یەكەم و دووەم و سێیەم بەدەست دەهێنن، پاداشتی دارایی وەردەگرن، ئەمەش دوای هەوڵ و ماندووبوونی بەڕێوبەرایەتی گشتی وەرزش بۆ جێگیركردنی ئەو پاداشتە بە شێوەیەكی بەردەوام و هەمیشەیی بۆ وەرزشوانانی كوردستان و بەپێی ئەو رێنمایی و پۆلینەی كە دانراوە.

هاوكات لە نووسراوەكەدا ئاماژە بە رەزامەندی وەزارەتی دارایی و ئابوورییش كراوە و داواكراوە لە ئەمڕۆوە كاری پێویست بۆ ئەم مەبەستە ئەنجام بدەن.

بەڕێوبەرایەتی گشتی وەرزش دەمێكە كار لەسەر ئەوە دەكات، وەرزشوانانی كوردستان بەرامبەر دەستكەوت و ئەنجامە باشەكانیان خەڵاتی دارایی وەربگرن و دواجار كارەكان گەیشتنە ئەنجام، كە دەستكەوتێكی گرینگە بۆ وەرزشوانانی كوردستان.

لێرەدا جێی خۆیەتی بە ناوی وەرزشوانانی كوردستانەوە سوپاسی رێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێز د. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بكەین، كە هەمیشە پاڵپشتی وەرزشوانان و بزاڤی وەرزشی كوردستانیان كردووە و لە هەموو روویێكەوە هاوكارن.

 

راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی گشتی وەرزش

Paylas: