قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێم و ئێران ساڵانە ٤ ملیار دۆلارە
پەیامی کورد... قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێم و ئێران ساڵانە ٤ ملیار دۆلارە
عەبدوڵڵا ئاکرەیی بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران ڕایگەیاند، لە ئێستادا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێم و ئێران گەیشتووەتە ٤ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی وتووە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران نزیکەی ٤ ملیار دۆلارە ساڵانە و بەوە ڕازی نین و دەیانەوێت بچێتە ئاستێکی بەرزتر وەکوو پێشوو، کە ساڵانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەگەیشتە ٨ ملیار دۆلار.
ڕوونیشی کردووەتەوە، بۆیە کاری بەردەوام دەکرێت و سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە پەرە بە کەرتی بازرگانی بدرێت و قەبارەی بازرگانی زیاتر بکرێت لەگەڵ ئێران، بڕیارە گرنگی بە خاڵە سنوورەکانی نێوان هەرێم و ئێران بدرێت، وەکوو حاجی ئۆمەران و پەروێزخان و باشماخ.
بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران باسی لەوە کردووە، ئەوەش بۆ ئەوەی هەرچی کێشە و گرفتیان هەیە چارەسەر بکرێن و ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی بکرێت و قەبارەی بازرگانی وەکوو پێشووتر زیاتر بێت.