قۆناغی سێیەمی شەقامی ١٥٠ مەتری هەولێر دەستپێدەکات
پەیامی کورد... قۆناغی سێیەمی شەقامی ١٥٠ مەتری هەولێر دەستپێدەکات
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای هێمن گرووپ گرێبەستی پرۆژەی قۆناغی سێیەمی شەقامی ١٥٠ مەتری بازنەیی خێرا لە شاری هەولێر واژۆ کرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ گرێبەستی قۆناغێکی دیکەی پرۆژەی ١٥٠ مەتری هەولێر واژۆ کرا، پرۆژە تەواوکەری دوو قۆناغی دیکەی ١٥٠ مەترییە، دەبێتە پرۆژەیەکی ستراتیژی بۆ خزمەتکردنی خەڵکی هەولێر و کوردستان".
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار زیاتر ڕوونکردنەوەی داوە و دەڵێت، پرۆژەی شەقامی بازنەیی خێرای ١٥٠ مەتری نێوان هەولێر - بەحرکە، هەتا ڕێگای هەولێر - دهۆک، دەگرێتەوە، درێژییەکەی ٦.١ کیلۆمەترە، بە پانی ٨ مەتر قیر دەبێت، ڕێگاکە دوو یەکتربڕی گەورەی تێدایە کە دوو پردی گەورە لە خۆ دەگرێت، هەروەها دوو ئەندەرپاس پردی سوورانەوەی تێدایە لەگەڵ ١٣ ئاوبەری سندووقی جۆراوجۆر.
هەروەها ڕێگاکی سەرەکی بە پانی ١٩.٥ بۆ هەر ئاراستەیەک و دوورگەی ناوەند ٢٠ مەتر و ڕێگای خزمەتگوزاری بۆ بەشێکی ڕێگاکە بە دوو ئاراستەیە بە پانی گشتی ٢٤ مەتر و بۆ بەشەکەی تر یەک ئاراستەیە بە پانی ١٩ مەتر. هەروەها ڕێگاکە هەموو پێکهاتەکانی دیکەی ڕێگا وەک سیستەمی ئاوەڕۆ بە درێژی نزیکەی ٤٠ کیلۆمەتر دەبێت، بە پەرژینی خۆپاراستن بە درێژی ٣٥ کیلۆمەتر، تۆڕی ڕووناکی، هێماکانی هاتووچۆ و هێڵکاری ڕێگا لە خۆ دەگرێت.
سەبارەت بە تێچووی پرۆژەکە ئاماژەی بەوە کرد، پرۆژەکە بە گوژمەی ٩٥ ملیۆن دۆلار بە ماوەی ٥٥٠ ڕۆژ جێبەجێ دەکرێت.